ئیسرائیل: ئێران بەرنامەی چەکی کیمیایی هەیە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دووپاتیانکردەوە، ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێران کە لە ساڵی 2018ـەوە لە دەستی ئیسرائیلدایە، ئاماژەی بە هەبوونی بەرنامەی چەکی کیمیایی لەو وڵاتەدا کردووە.
دەزگای پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییانە ئاماژەیان بەوە کرد، ئیسرائیل لەنێو ئەرشیفە ئەتۆمییەکانی ئێراندا بەڵگە و کەرەستەی پەیوەندیدار بە بەرنامەی چەکی کیمیایی دۆزیوەتەوە. سەرچاوەکان جەختیان کردەوە، ئیسرائیل زیاتر لە 10 ساڵە ئاگاداری ئەو بەرنامەیەی چەکی کیمیاییە.
دوێنێ سێشەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، تارانی بە کارکردن بۆ پەرەپێدانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار کرد. رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بڵاویکردەوە، کاتز بانگەشەی ئەوەی کردووە. ئێران دەیەوێت ئەو چەکانە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەکاربهێنێت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "ئێران هێشتا سەرقاڵی پەرەپێدانی چەکی کیمیاییە و ئیسرائیل و ئەمریکاش ئاگاداری ئەوەن". کاتز هەڕەشەی ئەوەشی کرد، رێگە بە ئێرانییەکان نادەن خاوەنی ئەو توانایە بن.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە روونیکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەنجامی دوو خولی پێشووی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لەبەرچاو گرتووە و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاریانداوە دەست بە پەرەپێدانی چەکی کیمیایی بکەن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل روونیکردەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە زانیاریی هەواڵگریی پەیوەندیداریان لەبەردەستدایە. لەسەر ئەو بنەمایەش، ئیسرائیل بڕیاریدا رێگە بە ئێران نەدرێت تواناکانی لە بواری کیمیاییدا پەرە پێ بدات و نەهێڵرێت بگاتە ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی لەو بوارەدا.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل، بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بابەتەکە تاوتوێ دەکات و بڕیاری کۆتایی لەبارەی نوێکردنەوەی ئەو جەنگەی شوباتی رابردوو هەڵگیرسا نەداوە، بەڵکو پشت بە بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی و گوشاری ئابووری دەبەستێت.
هەروا ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکی بە فۆکس نیوز-ی راگەیاند، چەندین بژاردە لەبەردەم ترەمپدان و باشترینیان هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.