یەکێتیی ئەوروپا سندووقێکی تەکنەلۆژی بە بەهای 50 ملیار یۆرۆ دادەمەزرێنێت

یەکێتیی ئەوروپا پلانی داناوە 50 ملیار یۆرۆ، کە دەکاتە نزیکەی 54.84 ملیار دۆلار، لە سندووقێکی نوێی تەکنەلۆژیادا وەبەرهێنان بکات. فاینانشیاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە کەمکردنەوەی پشتبەستنی وڵاتانی یەکێتییەکە بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی و چینی و پەرەپێدانی تواناکانی ئەوروپا لەو کەرتەدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە زاری دوو بەرپرسی ئاگادار لە گفتوگۆکان بڵاویکردەوە، یەکێتیی ئەوروپا پلانی داناوە بە بەهای 50 ملیار یۆرۆ، وەبەرهێنان لە سندووقێکی نوێی تەکنەلۆژیادا بکات، ئاماژە بەوەش کراوە، سندووقە پێشنیارکراوەکە بە ناوی سندووقی پشکەکانی تەکنەلۆژیای سەروەری دەناسرێت. ئەم سندووقە بەراورد بە بەرنامەکانی ئێستای ئەوروپا بۆ دارایی، وەبەرهێنانی گەورەتر و پڕمەترسیتر و درێژخایەنتر تەرخان دەکات.

پێشبینی دەکرێت وەبەرهێنانە سەرەکییەکانی سندووقەکە سەرنج بخەنە سەر کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد، ئەم هەوڵە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بروکسل بۆ بەهێزکردنی سەروەریی تەکنەلۆژی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کۆمپانیا بیانییەکان دێت.

سندووقەکە دەیەوێت دارایی درێژخایەن بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەوروپییەکان دابین بکات. ئەم پاڵپشتییە یارمەتیی کۆمپانیاکان دەدات کارەکانیان پەرە پێ بدەن و تواناکانیان فراوان بکەن، تا بتوانن لە بازاڕە جیهانییەکاندا رکابەریی کۆمپانیا ئەمریکی و چینییەکان بکەن.