حزبی موتەحیدوون پێشنیازی دیالۆگێکی نیشتمانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات

حزبی موتەحیدوون لە بەیاننامەی ژمارە 160ـی خۆیدا، داوای سازکردنی کۆنفرانسێکی نیشتمانی بۆ دیالۆگ دەکات بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گشت هاووڵاتییانی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، حزبەکە رایگەیاند، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هاوکار و پشتیوانی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە بووە، چونکە گەندەڵی و چەکی بێ مۆڵەت پێکەوە کار بۆ لاوازکردنی پێگەی دەوڵەت و لەناوبردنی متمانەی هاووڵاتییان بە داهاتوو دەکەن.

لە بەیاننامەکەدا جەختیکردەوە، ئەم پشتیوانییە لە چوارچێوەی پابەندبوونە بە بنەما دەستووری و یاساییەکان و پتەوکردنی بەهاکانی هاوبەشی، روونی و هاوکاری بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی جێگەی متمانە و پشتیوانیی گەلن.

موتەحیدوون روونیکردەوە، داواکارییەکەیان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی بەهاکانی هاووڵاتیبوون، بە شێوەیەک دیالۆگەکە بگاتە چارەسەرگەلێک کە لەگەڵ بەرژەوەندی و ویستی گەلدا بگونجێن.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەبەست لەم کۆبوونەوە نیشتمانییە پێداچوونەوەیە بە دەستوور و ئەو ئەزموونانەی لە پڕۆسەی سیاسیی دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003 هاتوونەتە کایەوە، بۆ گەیشتن بە دیدێکی پێگەیشتوو کە دادپەروەری بۆ گەل دەستەبەر بکات و وڵات و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بپارێزێت.

حزبەکە دووپاتیکردەوە، ئەم هەنگاوە دەبێت لەسەر بنەمای واتای قووڵی هاوبەشی، مافە یەکسانەکان و سەروەریی یاسا لە تەواوی پڕۆسەکاندا پەیڕەو بکرێت، چونکە کاتێک بەرژەوەندیی نیشتمان ئامانج بێت، هیچ بەربەستێک ناتوانێت رێگری لە رێککەوتن و هاوکاریی نێوان لایەنەکان بکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، حزبی موتەحیدوون گەشبینیی خۆی نیشاندا بۆ سەرکەوتنی هەر هەوڵێکی خێرخوازانە بە ئاراستەی پێشکەوتن و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان، بە جۆرێک بڕیارەکان لەسەر بنەمایەکی روون و بە پشتیوانییەکی جەماوەریی تۆکمە دابڕێژرێن.