جێگری سەرۆکی سابیس: کار بۆ گۆڕانکاریی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان دەکەین

لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی لووتکەی جیهانی لاوانی 2026 لە هەولێر ، غەسان کانسۆ، جێگری سەرۆکی پەرەپێدانی دامەزراوەی پەروەردەیی سابیس، تیشکی خستە سەر گرنگیی لووتکەکە، رۆڵی لاوان لە دیاریکردنی داهاتوودا و پلانەکانی دامەزراوەکەیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

ئەمرۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، غەسان کانسۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەڕێوەچوونی لووتکەی جیهانی لاوان بە بەشداریی نوێنەرانی 47 وڵاتی جیاواز، دیدگایەکی ناوازەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و هەروەها ئارین بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن نیشان دەدات.

ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگیی ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە دەرفەت دەدات گوێ لە لاوان بگیرێت نەک تەنها ئەوان گوێ بگرن، چونکە گەنجان خاوەن وزە، توانا و ویستن، گفتوگۆکانیش لە بوارەکانی پەروەردەوە تا حکوومەت و کەشوهەوا، هەموویان بۆ پێشکەوتنی ئەوانە.

20 ساڵ ئەزموون لە کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە

جێگری سەرۆکی پەرەپێدانی سابیس کە دامەزراوەکەی لە ساڵی 1886ـەوە دامەزراوە و لە زیاتر لە 20 وڵات قوتابخانە بەڕێوەدەبات، ئاشکرای کرد، سابیس ئەمساڵ یادی 20 ساڵەی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و لەو ماوەیەدا گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆوە بینیوە. غەسان کانسۆ شانازیی خۆیشی دەربڕی بەوەی کە زیاتر لە 7000 قوتابییان لە وڵاتەکەدا هەبووە و بەشێک لە دەرچووان و خۆبەخشەکانیان لە رێگەی کوردستان فاوندەیشنەوە کار بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، لە چوارچێوەی لووتکەکەدا لەگەڵ وەزیری پەروەردە بەشداریی پانێڵێک دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکاری لە سیاسەتە پەروەردەییەکاندا بەو شێوەیەی لاوان دەیانەوێت بیبینن.

بەستنەوەی خوێندن بە بازاڕی کار و ئاڵنگارییەکانی داهاتوو

سەبارەت بە پلانی داهاتوویان بۆ نەوەی نوێ لە کوردستان، غەسان کانسۆ جەختی لەسەر بەستنەوەی قوتابخانە بە زانکۆ و بازاڕی کارەوە کردەوە. روونیشی کردەوە، لاوانی ئەمڕۆ نیگەرانی داهاتوون، بەتایبەت لەبارەی کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد، بۆیە هەوڵ دەدەن لە رێگەی پێکەوەبەستنی قۆناخەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی، زانکۆ و سەرکردەکانی بواری بازرگانی، وەڵامی پرسیارەکانی گەنجان بدەنەوە.

غەسان کانسۆ ئەوەی خستە ڕوو، ئامانجیان گواستنەوەی باشترین ئەزموون و پلانەکانیانە لە 20 وڵاتی جیهانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو دەستپێشخەری و ویستەی لە لاوانی کوردستاندا دەیبینن، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پێشنیازەکانیان بگەیەننە ئاستی سیاسی و حکوومەت تاوەکو هەنگاوی باشتر بەرەو پێشەوە بنرێت.