سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: چەکدارانی حزبوڵڵا لە جورف سەخر دەمێننەوە

چەکدارێکی حزبوڵڵای عێراقی لە جورف سەخر (وێنە: AA)
چەکدارێکی حزبوڵڵای عێراقی لە جورف سەخر (وێنە: AA)

دوای تێپەڕبوونی پێنج رۆژ بەسەر بانگەشەکانی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی جورف سەخر، زانیارییەکان دەریدەخەن نەک هێشتا تەواوی ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی کەتائیبی حزبوڵڵادایە، بەڵکو زیاتر لە 2 هەزار و 100 چەکداری ئەو گرووپە خراونەتە سەر میلاکی فەرمیی حەشدی شەعبی و لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا هێشتا کۆنترۆڵی ناوەندی جورف سەخر و ناوچەکانی عەبد وێس، حوجێر، فازڵیە و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکەن و تا ئێستاش هێزەکانی حکوومەت نەچوونەتە ئەو شوێنانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵا بەدوور دەگرن؛ بڵاوبوونەوەی سوپای عێراق تەنیا لە رێگەی لیوای 38ـی فیرقەی 10 لە باکووری رۆژئاوای جورف سەخر بەرەو سنووری ئەنبار بووە، بێ ئەوەی بگەنە ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی کەتائیبەکاندا ماونەتەوە".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیسی فیدراڵی لە شوێنەکانی پێشووی خۆیدا تەنیا لیوای 16ـی بە هەردوو لیوای 17 و 11 گۆڕیوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ پێگەیەکی نوێ کۆنترۆڵ بکەن، واتا ئەوەی کراوە تەنیا ئاڵوگۆڕی هێزە ئەمنییەکان بووە لە شوێنەکانی خۆیاندا.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی لە جورف سەخر ئاشکرای کرد، حزبوڵڵا بە هیچ شێوەیەک رێگەی نەداوە هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بچنە نێو شارۆچکەکە و رێگەش نادەن شتی وا رووبدات. لە بەرامبەردا فەوجی کەربەلا، کە حکوومەتی عێراق هەینیی رابردوو رایگەیاندبوو دەچنە نێو جورف سەخر، لە کەمپی حامیە و بارەگای کۆنترۆڵکردن لە دەرەوەی ناوچەکە جێگیر کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بە کوردستان24ـی گوت: "زیاتر لە 2 هەزار و 100 چەکداری کەتائیبی حزبوڵڵا لە رێگەی هەردوو لیوای 72 و 79 خرانە سەر میلاکی فەرمیی حەشدی شەعبی". بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشتر حزبوڵڵا خۆی مووچەی ئەو چەکدارانەی دابین دەکرد، بەڵام لەمەودوا حکوومەت مووچەیان پێدەدات و بە فەرمی وەک هێزی ئەمنیی عێراق لە شوێنەکانی خۆیان بەردەوام دەبن.

سەرچاوەیەکیش لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، سەرجەم سەرکردەکان ئاگاداری دۆخی جورف سەخرن و ئەوەی دەکرێت بەشێکە لە لێکتێگەیشتنی نێوان زەیدی، قائانی و گرووپە چەکدارەکان. بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە، رێگری لە پێکدادان کراوە و شتێک نییە بە ناوی چوونە دەرەوەی حزبوڵڵا، بەڵکو چەکدارەکان دەخرێنە سەر میلاکە فەرمییەکانی حەشد، ئەمەش بەرگێکی دامەزراوەییان پێدەبەخشێت و بەرپرسیارێتیی مووچەکانیان دەخاتە سەر بودجەی دەستەی حەشدی شەعبی.

سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن، جگە لە مانەوەیان لە جورف سەخر، حزبوڵڵا کەرەستەی سەربازیی بۆ رۆژئاوای ئەنبار و کەربەلا گواستووەتەوە و پێگەی نوێی دروست کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە کاتێکدا پێگە سەرەکییەکانیان لە جورف سەخر بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن.