ئەمڕۆ لە هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دیکە خۆپیشاندانی بەرفراوان دەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هەولێر و ژمارەیەک لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ چالاکیی هاوشێوە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی بەرفراوان دژی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق و بۆ پشتیوانیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە کاتژمێر 10:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ لە هەولێر، گردبوونەوە و خۆپیشاندانە سەرەکییەکە لە باخی شار لە نزیک قەڵای هەولێر بکرێت. پارێزگاری هەولێر بەو بۆنەیەوە بانگەوازێکی نیشتمانیی ئاراستەی سەرجەم چین و توێژەکان، لەوانە فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، کرێکاران، کاسبکاران، گەنجان، ئافرەتان، لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگە کردووە، تا بەشدارییەکی فراوان بکەن و پەیامێکی روون، ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیەننە جیهان.

لە رێنماییەکانی پارێزگاری هەولێردا جەخت کراوەتەوە، لەم گردبوونەوەیەدا تەنیا ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە و بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکەی حزبی یان تایبەت رێگەپێدراو نییە. سەبارەت بە دەوامی فەرمی روون کراوەتەوە کە ئەمڕۆ پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان بۆ راییکردنی کاروباری هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوەتە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن تا ئاسانکاری بکەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ بەشداریکردن لەو هەڵوێستە نیشتمانییەدا.

هاوکات لەگەڵ پایتەخت، بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش چالاکیی ناڕەزایەتی و رێپێوانی جەماوەری دژی بڕیارەکانی بەغدا بەڕێوەدەچن. لە دهۆک کاتژمێر 10:00ـی بەیانی قوتابیان و لاوان لە بەردەم دەرگای زانکۆی دهۆک کۆ دەبنەوە و لە هەمان کاتدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش قوتابیان و لاوان لە پارکی شەهیدان گرد دەبنەوە. هەروەها لە ئاکرێ کاتژمێر 10:00ـی بەیانی رێپێوانێکی ناڕەزایەتی لە ترافیکی قەڵاوە تا گۆڕەپانی کانی مام کروکا دەست پێ دەکات و لە ناحیەی دێرەلۆکیش کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ قوتابیان، لاوان و کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە لە سەنتەری ناحیەکە کۆ دەبنەوە.

لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان لە حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوە دەچن. لە سنە، کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026 هاووڵاتییانی شارەکە بانگەوازێکیان بۆ بڵاوکردبووەوە، بڕیارە کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی فیردەوسی شارەکە لە ژێر دروشمی "باشوور تەنیا نییە"، سنە پشتیوانییە؛ یەکگرتوویی ئێمە سنوور ناناسێت بێنە سەر شەقام.

هاووڵاتییانی سنە لە بانگەوازەکەیاندا رایانگەیاندووە، لە بەرامبەر هەڕەشە و هێرشە ناڕەواکانی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان دێنە سەر شەقام، تا دەنگی یەکگرتوویی و پاڵپشتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان بگەیەننە جیهان. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە کۆبوونەوەکەیان راگەیاندنی پشتیوانییە لە ئاسایش، ئازادی و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان.