سەرۆکایەتییەکانی عێراق: لە 1ـی مانگی داهاتوودا گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەکرێت

راگەیاندنی دادوەریی عێراق بڵاوی کردەوە، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێشنیاز و دەستپێشخەریی فایەق زێدانیان بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە 1ی کانوونی یەکەمی 2026 پەسەند کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دەستووریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ هاوکات زێدان دووپاتی کردەوە کە لە کاتی ناکۆکی لەسەر واتای مادە دەستوورییەکان، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەبرێت.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی راگەیاندنی دادوەری لە بەغدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەشداریی کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی بەغدا کرد

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیە تاوتوێ کران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پێداگریی لە گرنگیی رێزگرتن لە جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە، گوتیشی: لە حاڵەتی بوونی جیاوازیی بیروڕا لەبارەی واتای حوکمی مادە دەستوورییەکانەوە، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەبرێت کە دەستوور تایبەتمەندیی راڤەکردنی دەقەکانی پێ داوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە رەزامەندییان لەسەر پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکەی فایەق زێدان دەربڕیوە بۆ بەستنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکە و میوانداریکردنی هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان یان هەر لایەنێکی یارمەتیدەر، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بە گوێرەی دەستوور بۆ قەیرانی دەستووریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.