عەبوودی: جووڵەپێکردنی سوپا بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان راست نییە
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هیچ راستییەک لەبارەی جووڵەی یەکەکانی سوپا بەرەو کوردستان نییە، هاوکات سەرۆکوەزیران جەختی لە پاراستنی گەلی کوردستان، مافە دەستوورییەکانی و دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هەر ناکۆکییەک کردووەتەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لەبارەی جووڵەی هێزە سەربازییەکان رایگەیاندووە: "هیچ راستییەک لەبارەی جووڵەی یەکەکانی سوپا بەرەو کوردستان نییە، هەروەها سەرۆکوەزیران جەختی لە پاراستنی گەلی کوردستان کردووەتەوە، نەک هەڕەشەلێکردنی."
حەیدەر عەبوودی ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە "سەرۆکوەزیران پەرۆشە بۆ پاراستنی شایستەکانی گەل لە کوردستان و مافە دەستوورییەکانی، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووردا مسۆگەر کراون."
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانیش، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوە داوە: "سەرۆکوەزیران دووپاتی کردووەتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوورە لە هەر ناکۆکی یان جیاوازییەک." لە کۆتاییشدا جەختی کردووەتەوە کە "دەستوور زامنی یەکێتیی عێراق و مافەکانی گەلە."