دادگای عێراق بڕیار لەسەر چارەنووسی 20 چەکداری فەرەنسیی داعش دەدات

چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بڕیاری دادگا بەسەر 20 هاووڵاتیی فەرەنسیدا دەربکات، کە بە پەیوەندیکردن بە داعش تۆمەتبارن. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی بەغدا لە دادگاییکردنی هەزاران گومانلێکراو بە پەیوەندیکردن بەو رێکخراوە، کە دەیەیەک لەمەوبەر دەستی بەسەر رووبەرێکی بەرفراوانی وڵاتەکەدا گرتبوو.

زیندانەکانی عێراق کە لە بنەڕەتدا پڕ بوون لە گومانلێکراوانی داعش، ئێستا بەهۆی ئەو دەستگیرکراوانەی سەرەتای ئەمساڵ لە سووریاوە گواستراونەتەوە، تەنگتر بوون. ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانە زیاتر لە 5,700 کەسە و هەڵگری نزیکەی 60 رەگەزنامەی جیاوازن، کە پاش بەسەربردنی چەندین ساڵ لەو کەمپانەی هێزە کوردییەکان لە سووریا بەڕێوەیان دەبردن، گومانی پەیوەندیکردن بە داعشیان لێ دەکرێت.

ئەو 20 ئەندامەی بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، سزاکانیان بەسەردا بسەپێنرێت، بەشێکن لە گرووپێکی 47 کەسی لە هاووڵاتییانی فەرەنسا کە لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە لە عێراق دادگایی دەکرێن، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لە سووریاوە گواسترانەوە. پێشتریش دادگا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر 15 کەسی ئەو گرووپەدا سەپاند، کەسێکی دیکەشیانی بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادا.

لەنێو ئەو کەسانەی چاوەڕێی بڕیاری دادگان، ئەدریان گیال هەیە کە بە خاوەنی ئەو دەنگە ناسراوە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی نیسی لە باشووری فەرەنسا بە ناوی داعشەوە راگەیاند، کە لە 14ـی تەممووزی 2016 بووە هۆی کوژرانی 86 کەس.

هەروەها لە لیستەکەدا تۆما کۆلانج هەیە کە هاوسەرەکەی لەگەڵیدا گەشتی بۆ سووریا کردبوو و ساڵی رابردوو لە فەرەنسا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، لەگەڵ رۆمان گارنیێ کە لە رادیۆی ئەو گرووپەدا کاری کردبوو، هەروەها کانتان لو بران کە لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییە پڕوپاگەندەییەکانی داعشدا دەرکەوتبوو.

لە میانی دانیشتنەکانی دادگاییکردنەکەدا، زۆربەی گومانلێکراوەکان دانیان بەو تۆمەتانەدا نا کە ئاراستەیان کرابوون و پەشیمانیی خۆیان لە پەیوەندیکردن بە چەکدارەکان دەربڕی، لە کاتێکدا بەشێکیان داوایانکرد بگەڕێنرێنەوە بۆ فەرەنسا.

فەرەنسا سەدان کەسی لە ئەندامانی خێزانی چەکدارەکانی گەڕاندەوە، بەڵام رەتیکردەوە زۆربەی ئەو ئەندامانەی وەربگرێتەوە کە بە پەیوەندیکردن بە داعش تۆمەتبارن و لەو وڵاتانە جێیهێشتن کە تێیاندا دەستگیرکراون، تاوەکو لەوێ دادگایی بکرێن.

لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، ژمارەیەک لە تۆمەتباران رایانگەیاند کە چالاکییەکانیان تەنیا لە سووریا بووە و پرسیاری هۆکاری دادگاییکردنیان لە عێراق کرد. بەڵام بەغدا بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە داعش دادگاییان دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی ئایا لە عێراق چالاک بوون یان لە سووریا.

عێراق بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2017 سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، دوای دوو ساڵیش لە سووریا هەمان سەرکەوتن لەسەر دەستی ئەو هێزانەی کورد سەرکردایەتییان دەکرد و واشنتن پشتیوانیی دەکردن، دووبارە بووەوە.

بە درێژایی چەندین ساڵ، دادگاکانی عێراق سەدان سزای زیندانیی هەتاهەتایی و لەسێدارەدانیان بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاند کە بە تاوانی تیرۆر تاوانبار کرابوون، لەنێویشیاندا چەکدارانی بیانی هەبوون. لە بەرامبەردا، بەشێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لەم دادگاییکردنانە گرت و رایانگەیاند، پرۆسەکان بەپەلە بەڕێوەدەچن و گەرەنتیی رێکارە یاساییە پێویستەکانیان تێدا نییە.

هاوکات یەکشەممەی رابردوو، لە عێراق دادگاییکردنی کۆمەڵێکی دیکە لەو گومانلێکراوانە دەستیپێکرد کە لە سووریاوە گواسترابوونەوە، دانیشتنە سەرەتاییەکانیش ژمارەیەک هاووڵاتیی سوورییان گرتەوە.

داعش دوای هێرشە بەرفراوانەکەی و دەستبەسەرداگرتنی رووبەرێکی زۆری عێراق و سووریا لە ساڵی 2014، چەندین پێشێلکاریی کرد، کە کوشتار لەسەر ئاستێکی فراوان و بەکۆیلەکردنی دەگرتەوە. ئەو تاوانانە لەسەر دەستی چەکدارەکانی کران، کە تێکەڵەیەک بوون لە چەکداری ناوخۆیی و بیانی و لە ئەوروپا و ناوچەکانی دیکەوە چووبوونە نێو رێکخراوەکە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دامەزراندنی "خەلافەتی ئیسلامی"ـی راگەیاند.