هاووڵاتییان: هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و پێویستە بەغدا مافەکانمان بدات

هاووڵاتیان جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووری و فیدڕاڵیی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی دەستوور لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکەنەوە و رایدەگەیەنن، گەلی کورد تەنیا داوای مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکات و پێویستە خاکی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و رەنگە حزبییەکانەوە بێت.

رەشید مەلا عەزیز، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند “بەپێی یاسا و دەستوور، هەرێمی کوردستان دانپێدانانی نێودەوڵەتیی هەیە وەک هەرێمێکی سەربەخۆی فیدڕاڵی، بەلام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، دەگوترێت ئەو بڕیارانە بەپێی دادگای فیدڕاڵی دەستوورین، بەڵام نەخێر دەستووری نین.”

گوتیشی: ئێمە هەرێمێکی دەستووری و سەربەخۆین؛ راستە سەر بە عێراقین، بەڵام هەرێمێکی فیدڕاڵین. فیدڕاڵییەتیش واتە ماف و شایستەکانی کورد؛ بە زمانی خۆی بخوێنێت، لەسەر خاکی خۆی نیشتەجێ بێت و بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات.

لای خۆیەوە، محەممەد یاسان، هاووڵاتی، داوای جێبەجێکردنی دەستووری لە حکوومەتی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا “لە دەستوور زیاتر هیچمان ناوێت، تەنیا داوا دەکەین مافەکانمان پێ بدرێتەوە و لەوە زیاترمان نەویستووە و داواشمان نەکردووە.”

ئەو هاووڵاتییە جەختیشی کردەوە، کورد هەرگیز دەستدرێژیی نەکردووەتە سەر کەس و روونی کردەوە، ئەوەندەی ئێمە بیستوومانە، دیومانە و خوێندوومانەتەوە، هەتا ئێستا تەنیا هێرش و دەستدرێژیمان کراوەتە سەر، ئەگەرنا ئێمە ستەممان لە کەس نەکردووە و چاومان لە مافی کەس نەبووە.

هاوکات عەلی ئەڵوەنی، هاووڵاتی، تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکڕیزیی ناوخۆیی و گوتی: پێویستە کوردستان و خاکی کوردستان لە سەرووی هەموو حزب و هەموو رەنگەکانەوە بێت، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە.

لە لایەکی دیکەوە، عەزیز شێخانی، هاووڵاتی، لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کورد، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە خۆمان دژایەتیمان لەگەڵ هیچ نەتەوە و دەوڵەت و وڵاتێکدا نییە، تەنیا مافی خۆمان دەوێت و زیاترمان ناوێت؛ بۆ هەموو کەسێکیش خێرمان دەوێت، بەڵام نازانم بۆچی لەگەڵمان باش نین.

ئەو هاووڵاتییە پێی وابوو کە ئەم عەقڵییەتەی دژایەتیکردن لە کۆنەوە سەرچاوەی گرتووە و گوتیشی “ئەم عەقڵییەتەیان لە کۆنەوە هەڵگرتووە و هی ئێستا نییە، هەتا ئەمڕۆش ئەو دژایەتییە بەردەوامە و زەحمەتیشە کۆتایی بێت. ئەم دژایەتییەش هەم نەتەوەییە و هەم غەیری نەتەوەییشە، واتە بیری فاشیزمی تێدایە.”