دەستەی مافی مرۆڤ: لەگەڵ جێبەجێکردنی دەستووری عێراقین وەک خۆی
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە بایەخ و تێڕامانەوە لە دوایین گرژییەکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بۆ رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی روونیکردەوە، هەر جۆرە لێدوان و هەڵوێستێک ببێتە هۆی دروستکردنی نادڵنیایی لای هاووڵاتییان، یان کاریگەریی نەرێنی لەسەر مافە بنەڕەتی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستبکات، لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ناگونجێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی دانپێدانراوە، هەروەها پاراستنی کەرامەت، ئاسایش و بژێویی ژیانی دانیشتووانەکەی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی یاسایی و ئەخلاقیی هەموو لایەکە.
دەستەی مافی مرۆڤ لە روانگەی ئەرکی یاسایی و مرۆیی خۆیەوە جەختیکردەوە، دەبێت دەستووری هەمیشەیی عێراق وەک خۆی و بە شێوەیەکی گشتگیر، بەبێ جیاکاری و پەراوێزخستن جێبەجێ بکرێت. روونیشیکردەوە، نابێت تەنیا هەندێک بڕگەی دەستوور پەیڕەو بکرێن و بڕگەکانی دیکە فەرامۆش بکرێن، بەڵکو پێویستە سەرجەم لێدوان و بڕیارەکان لە چوارچێوەی دەستووردا بن و رێز لە تایبەتمەندی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
سەبارەت بە ناکۆکییەکان، دەستەکە رایگەیاند، هەر کێشەیەک لەنێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، پێویستە تەنیا لە رێگەی دانوستان، گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکرێت، نەک پەنابردن بۆ بەکارهێنانی چەک و هێزی سەربازی کە مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و سەقامگیریی هاووڵاتییانی سڤیل.
هاوکات دەستەی مافی مرۆڤ دووپاتیکردەوە، گرنگە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان لە ژیان، مووچە و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە، چونکە پاراستنی مافی بژێویی هاووڵاتییان بنەمایەکی سەرەکیی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ کراوە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، زمانی دیالۆگ، هاوکاری و لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پەیڕەو بکات، بە جۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە تەواوی عێراقدا بگەیەنێت.
لە کۆتاییشدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و چاودێر بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ رەوشی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە پێشهات و هەوڵەکان ئاگادار دەکاتەوە.