شێخ مورشید خەزنەوی: تەنیا بە یەکڕیزیی گەلی کورد پلانگێڕییەکان پووچەڵ دەکرێنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی دیاری ئایینی و نیشتمانیی کورد، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو فشار و هەڕەشانەی ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان هەن تەنیا ناکۆکیی ئیداری و تەکنیکی نین، بەڵکوو هێرشی راستەوخۆن بۆ سەر بنەمای بوونی گەلی کورد، جەختیشی کردەوە، چەکی هەرە بەهێز بۆ سەرکەوتن، یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە.

لە پەیامەکەیدا، شێخ مورشید خەزنەوی ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد لە قۆناخێکی مێژوویی هەستیاردایە و دووبارە رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە، کە ئامانج لێی شکاندنی ئیرادە و بێبەشکردنی هەرێمی کوردستانە لە مافە دەستووری و یاساییەکان و دەستکەوتەکانی. گوتیشی: ئەم ماف و دەستکەوتانە وەک دیاری نەدراونەتە کەس، بەڵکوو بە خوێنی سەدان هەزار شەهید، فرمێسکی دایکانی جەرگسووتاو و ناڵەی ئەنفال و هەڵەبجە بەدەست هاتوون.

سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان، خەزنەوی روونیکردەوە: "ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیدا روودەدات، لە بڕیاری تاکلایەنە و زمانی هێز و لۆژیکی سەربازییەوە، تا دەگاتە هەوڵی خنکاندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و داماڵینی دەسەڵات لەسەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان، تەنیا ناکۆکیی ئیداریی یان تەکنیکی نییە وەک هەندێک دەیانەوێت نیشانی بدەن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی ناوەندێتیی ستەمکار و زۆردار".

ئەو کەسایەتییە ئایینییە دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان تەنیا پارچە زەوییەک نییە، بەڵکو بنەمای شکۆمەندیی هەموو کوردێکە لە جیهاندا و پایەی ستراتیژیی دۆزی رەوای کوردە، گوتیشی: "دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان، دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو خێزانێکی کورد لە قامیشلۆ، مەهاباد، ئامەد، هەولێر و سلێمانی". 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، شێخ مورشید خەزنەوی ڕووی لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند:
دابەشبوونتان ئێمە لاواز دەکات و پەرتەوازەبوونتان هێزی گەلەکەمان بچووک دەکاتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، خەزنەوی جەختی لەسەر یەکپارچەیی هەڵوێستی گەلی کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان کردەوە و بە بیرهێنانەوەی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەتی پەرتەوازەکردن و گەمارۆ و هەڕەشەی سەربازی نەیانتوانیوە سەر بە گەلی کورد دانەوێنن، گوتیشی، "پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکێکە لەسەر هەموو کوردێکی بەشەرەف و نیشتمانپەروەر".