قایمقامی هەولێر: پێشبینی هەزاران کەس لە خۆپیشاندانەکان دەکەین
قایمقامی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکانی دوو رۆژ لەمەوبەری حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، کاتژمێر 10:30ـی ئەمڕۆ لە سەنتەری هەولێر و لە بەردەم باخی شار، خۆپیشاندانێکی فراوان و ئاشتیانە بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر، هێزە ئەمنییەکان لەوانە پۆلیس، هاتوچۆ و ئاسایش، پلانی تەواویان بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆپیشاندەران داڕشتووە. عەبدولحەمید داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن تا خۆپیشاندانەکە بە شێوەیەکی مەدەنی، رێکوپێک و دوور لە گرژی بەڕێوە بچێت.
لە خۆپیشاندانەکەدا چاوەڕوان دەکرێت بە هەزاران کەس لە فەرمانبەرانی کەرتی حکوومی و تایبەت، خوێندکارانی زانکۆ، هاووڵاتییان و دانیشتووانی پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە بەشدار بن. عەبدولحەمید جەختیکردەوە کە سەرەڕای بەشداریکردنی سەرجەم حزب و لایەنەکان، تەنیا ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێت و ئاڵای هیچ حزبێک بەرز ناکرێتەوە، بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە سیمایەکی نیشتمانیی هەبێت.
سەبارەت بە دەوامی فەرمی، قایمقامی هەولێر روونیکردەوە کە ئەمڕۆ پشوو نییە و لە هەموو فەرمانگەکان دەوام ئاساییە. بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەدا ئارەزوومەندانەیە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان کارەکان بەجۆرێک رێکدەخەن کە مامەڵەی هاووڵاتییان پەکی نەکەوێت.
جووڵەی ئۆتۆمبێل لە زۆربەی شەقامەکان ئاساییە و تەنیا چەند رێگایەکی دەوروبەری باخی شار بۆ پیادەڕۆیی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە قەرەباڵغیی نائاسایی داخراون. ئۆتۆمبێل دەتوانێت تا نزیک بینای قایمقامییەت و پارێزگا هاتوچۆ بکات.
عەبدولحەمید بڕیارەکانی بەغدای بە پێچەوانەی دەستوور وەسفکرد. هاوکات پێشوازیی لە یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان و بەیاننامە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی کرد و هیوای خواست ئەم یەکڕیزییە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان.
قایمقامی هەولێر هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە پێویست بە ترس ناکات و گەشبینیی خۆی نیشاندا کە کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور چارەسەر دەکرێن. هەروا ئاماژەی بە بوونی زیاتر لە 30 کونسوڵخانە، سەدان کۆمپانیای بیانی و بەردەوامیی پڕۆژە ئاوەدانییەکان لە هەولێر کرد.
نەبەز عەبدولحەمید رایگەیاند، هەرچەندە هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەییی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام هیواخوازن دۆخەکە نەگاتە ئەو ئاستە. هەروەها پێشبینیی کرد خۆپیشاندانی هاوشێوە لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.