لە کانێکی زێڕی ئیندۆنیزیادا 13 کرێکار گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەرپرسێکی تیمەکانی فریاکەوتن رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە کانێکی زێڕ لە دوورگەی جاوەی ئیندۆنیزیا، 13 کرێکار گیانیان لەدەستدا و 13 کەسی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

رووداوەکانی کان لە ئیندۆنیزیا بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بەتایبەت لەو شوێنانەی بەبێ مۆڵەت کاریان تێدا دەکرێت و رێکارەکانی سەلامەتی پشتگوێ دەخرێن.

پۆلیس رایگەیاند، دووشەممەی رابردوو بارانبارینی بەخوڕ ناوچەی بوغوری لە دوورگەی جاوە گرتەوە و بووە هۆی هەستانی لافاوی رووبارێکی نزیک لە شوێنەکە، ئاوەکە بەخێرایی چووە ناو کانە کراوەکە و ژێرئاوی خست، بەو هۆیەوە کرێکارەکان لەناو کانەکەدا گیریان خوارد.

دیسیانا کارتیکا باهاری، سەرۆکی تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتنی ناوچەکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، 13 کرێکار گیانیان لەدەستدا، لەکاتێکدا 13 کەسی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

باهاری روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە، لەوانە تەنگیی ئەو چاڵانەی هەڵکەندراون کە قووڵاییەکەیان دەگاتە نزیکەی 100 مەتر، هەروەها کەمیی رووناکی و داڕمانی زەوییەکە.

سەرۆکی تیمەکانی گەڕان و فریاکەوتنی ناوچەکە گوتی: "هەموو هەوڵەکان دەخرێنە گەڕ بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی مەیدانی و پێشینەدان بە سەلامەتیی ئەو کەسانەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاکەوتندا دەکەن".

لەلایەکی دیکەوە، هندرا روخماوان، گوتەبێژی پۆلیسی جاوەی رۆژئاوا روونیکردەوە، 11 کرێکار توانییان بە سەلامەتی دەربچن، پێش ئەوەی دووشەممە ئاو بیرەکانی کانەکە دابپۆشێت.

گوتەبێژەکەی پۆلیس روونیکردەوە، دەسەڵاتداران تەنیا سێشەممە لە بوونی ئەو کرێکارە گیرخواردووانە ئاگادار کرانەوە.