ناتانیاهۆ کوشتنی بەرپرسێکی باڵای حەماسی لە غەززە راگەیاند
ئەمرۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوشتنی خالید ئەبو نەدا، بەرپرسی هەردوو دۆسیەی ئابووری و پەروەردەی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە راگەیاند.
ناتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: کوشتنی ئەبو نەدا لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن دێت کە سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا دژی ئەندام و سەرکردەکانی حەماس ئەنجامی داون؛ جەختیشی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن و هیچ ئەندام و سەرکردەیەکی بزووتنەوەکە لە مەترسیی بەئامانجگرتن بەدوور نابێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە مانگەکانی رابردوودا نزیکەی 80 ئەندامی بزووتنەوەی حەماسیان کوشتووە، هەڕەشەی بەردەوامبوونی بەئامانجگرتنی سەرکردە و ئەندامانی حەماسی لە کەرتی غەززە دووپاتکردەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی پرۆسەی کوشتنەکە، راپۆرتە میدیاییەکانی فەڵەستین بڵاویان کردووەتەوە هێرشەکەی ئیسرائیل شوقەیەکی نیشتەجێبوونی لە شاری دێر بلح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کوژرانی ئەبو نەدا و هاوسەرەکەی.
خالید ئەبو نەدا، بەرپرسێکی حکوومی بوو لە کەرتی غەززە و لە مانگی نیسانی 2023ـەوە، لە شوێنی زیاد سابت، پۆستی بریکاری وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای لەو حکوومەتەدا وەرگرتبوو کە حەماس بەڕێوەی دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، خالید ئەبو نەدا، بڕوانامەی دکتۆرای لە دەروونناسیی پەروەردەییدا هەبووە و لە بواری ئەکادیمیدا کاری کردووە، لەوانەش وەرگرتنی ئەرکی کارگێڕی لە زانکۆی ئەقسا، جگە لە بەشداریکردنی لە دۆسیەکانی پلاندانانی پەروەردەیی و پرۆگرامەکانی خوێندندا لە غەززە.