سەردار عەبدوڵڵا: راگەیەندراوەکەی دادگای فیدراڵی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقە
سەردار عەبدوڵڵا، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و دەستکاریی دەستووری کردووە، جەختیش دەکاتەوە کۆرمۆر سەر بە پارێزگای سلێمانییە و بەگوێرەی دەستوور حکوومەتی عێراق ناتوانێت هێزی بۆ بنێرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، سەردار عەبدوڵڵا، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12ی کوردستان24، رایگەیاند، ئەمڕۆ ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان بەیاننامەیەک بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە و تێیدا دەیسەلمێنن کە بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی نادەستووری بووە، هاوکات ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئینستیتیوتەکە بە دروشمی "بنیاتنانی کوردستانی مەزن" دەست بە پەخش دەکات.
سەبارەت بە لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە باسی لە ئامادەیی سوپا کردبوو بۆ چوونە هەر شوێنێک بە کەرکووکیشەوە، سەردار عەبدوڵڵا گوتی: "ئەرکی سوپای عێراق تەنیا پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانە و بەگوێرەی دەستوور بۆی نییە بچێتە ناو شارەکان و ئەوە ئەرکی سوپا نییە."
ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بە دۆخی کۆرمۆر کرد و روونیکردەوە، کۆرمۆر سەر بە قەزای چەمچەماڵ و پارێزگای سلێمانییە و بەگوێرەی دەستووری عێراق لەژێر ئیدارەی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە حکوومەتی عێراق ناتوانێت هێز بۆ کۆرمۆر بنێرێت.
لەبارەی دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سەردار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، سنوورەکان بە دوو ماددەی دەستووری دیاری دەکرێن کە پێکەوە بەستراونەتەوە؛ یەکێکیان ماددەی 53ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتە کە هاتووەتە ناو دەستوور و دواسنووری پێش لەناوچوونی رژێمی بەعس لە هێڵی شیندا دیاری دەکات، ئەوی دیکەشیان تایبەتە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان. جەختیشی کردەوە بۆ دیاریکردنی سنووری فەرمیی هەرێمی کوردستان دەبێت هەردوو ماددەکە جێبەجێ بکرێن و ئاسەواری تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە لاببرێن، چونکە ئەو سنوورەی ئێستا هەیە سەدام حوسێن سەپاندوویەتی.
هەروەها سەردار عەبدوڵڵا رەخنەی لە شێوازی بەکارهێنانی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گرت و گوتی: "کاتی خۆی کە ئەم دەستوورە بە هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی عێراق نووسرایەوە، ئامانج لێی رزگارکردنی عێراق بوو لە دیکتاتۆرییەت و حوکمی تاکەکەسی، کەچی ئێستا هەر ئەو دەستوورە بۆ دروستکردنی هەمان شێوازی حوکمی کۆن بەکار دێت، دادگای فیدراڵیش دوێنێ لە بڕیارەکەیدا تەفسیری دەستووری نەکردووە، بەڵکوو دەستووری هەموار کردووەتەوە."