لێدوانی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

ئەمرۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: داکۆکی لە مافەکانمان دەکەین.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەم ئەوان و هەم یەکێتی ئامادەییان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لایەنەکان پیشان داوە و لەسەر بنەمای دەستوور داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەیان دەکەن؛ هاوکات داوای لە لایەنە سیاسییەکانیش کرد لەسەر بنەمای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەردەوام بن لە یەکڕیزی.

سەبارەت بە دەرفەتی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی لایەنەکان، مەسرور بارزانی گوتی "بێگومان ئێمە پێمان خۆشە لە هەر شوێنێک دەرفەتی گفتوگۆ هەبێ بەشدار دەبین، وا بزانم ئەم داوەتنامەیە ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو بابەتە کراوە، بۆیە هەم ئێمە و هەم یەکێتی ئامادەیی ئەوەمان پیشان داوە کە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بین". هەروەها هیوای خواست بگەنە ئەنجامێکی باش کە لە بەرژەوەندیی هەموو وڵاتدا بێت و بەپێی بنەمای دەستوور و خاڵە دەستوورییەکان داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەیان بکەن.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە شرۆڤە و لێکدانەوەی دادگای فیدراڵی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە ئەو پرسە بۆ لایەنی فەرمی بەجێ دەهێڵن تاوەکوو لە رووی یاساییەوە دواتر وەڵامی خۆیان ئامادە بکەن، جەختیشی کردەوە، بێگومان وەڵامی یاسایی هەیە بەرامبەر بەو شرۆڤەیەی ئەنجام دراوە.

مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر رۆڵی گەنجان لە لووتکەکە و خۆپیشاندانەکە و گوتی: رووداوەکانی ئەم دوو سێ رۆژە و بەشداربوونی گەنجان تێیاندا، ئاماژەیەکی زۆر روونە لەسەر ئەو رۆڵەی کە گەنج دەتوانێت بیبینێت. گوتیشی: "لەو خۆپیشاندانەی لە رێگەی گەنجانەوە کرا، گەنجەکانمان هەڵوێستی روونی خۆیان پیشانی هەموو جیهان و حکوومەتی فیدراڵی لە عێراق دا، کە ئێمە ئاشتی و ئاوەدانیمان دەوێ و گەنجانمان بە شێوەیەکی ئاشتییانە داوای مافی خۆیان، ئاوەدانی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خۆیان دەکەن".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەموو ئەو هاووڵاتییانەشی کرد کە سەرەڕای ماندووبوون بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هی هەموو چین و توێژ و تەمەنێکە؛ چ گەنج و چ پیر، پەککەوتە یان تەندروست بن، چارەنووسی هەمووان بەیەکەوە بەستراوەتەوە، چونکە هەرچییەک لەم وڵاتە رووبدات کاریگەریی لەسەر ژیان و داهاتووی هەموو تاکێک دەبێت. روونیشی کردەوە، بەشداربوونی پێکەوەیی و دەربڕینی هەستی هاووڵاتییان نیشانەی یەکگرتووییە لەسەر داواکردنی مافەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەر شتێکی نەخوازراو کە دژی مافە دەستوورییەکانی نەتەوە و وڵات بێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی حزبە سیاسییەکان، مەسرور بارزانی سوپاسی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی کرد کە هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبووە و داوای لێ کردن بەردەوام بن لە پاراستنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی، لەسەر بنەمای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.