کوشنەر: ئەوروپا و ئۆکرانیا هیچ پلانێکیان بۆ ئاشتی پێشکەش نەکردووە
نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، پرسی ناکۆکییەکان لەسەر خاک هێشتا بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و جەختیش دەکاتەوە کە واشنتن لە هەڵوێستی مۆسکۆ تێدەگات.
جارید کوشنەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "MD MEETS" لە یوتیوب و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماتیاس دۆیفنەر، سەرۆکی گرووپی میدیایی "ئەکسڵ شپرینگەر"ی ئەڵمانی، رایگەیاند: "هێشتا پرسی خاک و سنوورەکان چەقبەستوویی سەرەکییە لەبەردەم چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیادا."
کوشنەر ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن لەوە تێدەگات کە مۆسکۆ نایەوێت وەک هەنگاوی یەکەم بە ئاگربەست رازی بێت بەبێ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ململانێکە. روونیشیکردەوە، ئاگربەست بە تەنیا گەرەنتیی ئەوە ناکات لە داهاتوودا شەڕ هەڵنەگیرسێتەوە، چونکە بە بڕوای واشنتن، مۆسکۆ متمانەیەکی کەمی بەوە هەیە وەستاندنی جەنگ ببێتە هۆی چارەسەرێکی دوای جەنگ کە رێگری لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ بکات.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاشکراشی کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکردنی پێشنیازی دیاریکراو بۆ چارەسەر، کار لەسەر بنیاتنانی ژێرخانێکی ئەمنیی درێژخایەن دەکات، هیواشی خواست واژۆکردنی رێککەوتنە کۆتاییەکان ببێتە هۆی گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کوشنەر سەرنجی خستە سەر ئەوەی تا ئێستا هیچ کام لە ئەوروپا و ئۆکرانیا پلانی تایبەت بە خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی پێشکەش بە ئەمریکا نەکردووە.
پێشتریش ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە مۆسکۆ دەیەوێت لە زووترین کاتدا لە رێگەی چارەسەرێکی ئاشتییانەوە کۆتایی بە کردەوە سەربازییەکان لە ئۆکرانیا بهێنێت و ئامادەی دانوستاندنە، بەڵام هیچ خواستێکی هاوشێوە لەلایەن کیێڤەوە نابینێت.