لە هێرشێکی ئێران بۆ سەر کوەیت چوار کەس برینداربوون

وەزارەتی بەرگریی کوەیت برینداربوونی چوار کەس و زیانی ماددیی لە ئەنجامی هێرشێکی ئێران بۆ سەر پێگەیەکی ستراتیژیی وڵاتەکە راگەیاند.

پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، عەقید روکن سعوود عەبدولعەزیز عەتوان رایگەیاند، هێزە چەکدارەکان ژمارەیەک درۆنی ئێرانیان لە ئاسمانی کوەیت بینیوە و رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر گرتووەتەبەر و بەرپەرچیان داونەتەوە.

هاوکات روونیکردەوە، هێرشە ئێرانییەکە بووەتە هۆی پێکان و کەوتنی پارچەیەک لە یەکێک لە پێگە گرنگەکان، بەو هۆیەوە چوار کەس بریندار بوون. بریندارەکان بریتین لە هاووڵاتییەکی کوەیتی، دوو هاووڵاتیی ئیتاڵی و هاووڵاتییەکی پاکستانی.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت گوتی: "بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە"، هاوکات هێرشەکە زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە.

هێزە چەکدارەکانی کوەیت جەختدەکەنەوە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە توانایەکی بەرزەوە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئامادەییی بەردەوامدایە بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بەمەبەستی پاراستنی سەروەریی نیشتمان و دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جۆرێک سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووان بپارێزرێت.