پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبارێک بەهۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان و هەڕەشەی سووتاندنی بازاڕ دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی لە سنووری قەزای خەبات راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند:'' دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا کەسێک لە سنووری قەزای خەبات، ناحیەی رزگاری، لە ژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکان دەردەکەوێت و بووەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان، هەروەها لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا بە شێوەی لایڤ لە تیک تۆک هەڕەشەی سووتاندنی دوکان و بازاڕ لە ناحیەی رزگاری دەکات، تیمەکانیان لە پۆلیسی هەولێر، بەشی پۆلیسی خەبات و بنکەی پۆلیسی ڕزگاری بەدواداچوونیان کرد و توانییان تۆمەتبار بە ناوی (ن.ن.ع) دەستگیر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبار لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.