لە سنووری سۆران 40 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێن
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێویستە 40 هەزار پارچە زەوی بۆ مووچەخۆران دابین بکرێت و قۆناخی داهاتووی دابەشکردنەکەش ناحیەکانی قەسرێ و حاجی ئۆمەران و قەزای سیدەکان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاماری گشتیی سوودمەندبووان، وردەکاریی قۆناغەکانی دابەشکردنی زەوی، میکانیزمی خاڵبەندی و رێکارەکانی وەرگرتنی تاپۆ و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی خستە ڕوو.
ئاماری گشتیی سوودمەندبووان لە ئیدارەی سۆران خەسرۆ ئیسماعیل ئاشکرای کرد، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێویستە 40 هەزار پارچە زەوی بۆ مووچەخۆران دابین بکرێت، بەم شێوەیە:
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران لە 22 شارەوانی پێک دێت و تێیدا 25 هەزار مووچەخۆر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
- لە سەنتەری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سۆرانیش 15 هەزار مووچەخۆر ناویان گەڕاوەتەوە.
ئەو قۆناخانەی تا ئێستا جێبەجێ کراون بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ئاماژەی بەو سێ قۆناغە کرد کە تا ئێستا زەوییان تێدا دابەش کراوە:
1. قۆناخی یەکەم (قەزای رواندز): 530 پارچە زەوی بەسەر مووچەخۆرانی سنووری قەزای رواندزدا دابەش کرا.
2. قۆناخی دووەم (قەزای خەلیفان): 600 پارچە زەوی بەسەر مووچەخۆرانی سنوورەکەدا دابەش کرا.
3. قۆناخی سێیەم (قەزای چۆمان): 600 پارچە زەوی لە ناوچەی مەمی خەلان لە ناو سنووری شارەوانیی چۆمان بەسەر مووچەخۆرانی قەزای چۆماندا دابەش کرا.
دەربارەی میکانیزمی دابەشکردنەکە لە چۆمان، خەسرۆ ئیسماعیل روونی کردەوە: "لە سنووری قەزای چۆمان 4,636 سوودمەندبوو هەن کە پێویستە زەوییان بۆ دابین بکرێت، لەو ژمارەیەش 1,791 کەس لە ناو سەنتەری چۆمانن. لەبەر ئەوەی هەموو ئەو 1,791 پارچە زەوییە بەردەست نەبوو و تەنیا 600 پارچە زەوی ئامادە بوو، تیروپشکەکەمان بەپێی خاڵبەندی کرد؛ واتە ئەو 600 مووچەخۆرەی زۆرترین خاڵیان هەبوو خرانە ناو تیروپشکەکەوە، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە دابەشکردنەکەدا بەدی بێت."
دەربارەی هەنگاوەکانی داهاتوو، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران گوتی: "لە پلانماندایە قۆناخی داهاتوو لە ناحیەی قەسرێ، ناحیەی حاجی ئۆمەران و قەزای سیدەکان بێت؛ کارەکان لەوێ گەیشتوونەتە قۆناخەکانی کۆتایی بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا زەوی بەسەر مووچەخۆراندا دابەش بکەین. هەروەها قۆناخی دیکەش بە هەمان شێوە دووبارە لە قەزاکانی رواندز و خەلیفان دەست پێ دەکەنەوە و لە سەرجەم شارەوانییەکاندا بەردەوام دەبین."
رێکارەکانی وەرگرتنی کارتی شارەوانی و تاپۆ خەسرۆ ئیسماعیل وردەکاریی قۆناخی دوای دابەشکردن و تۆمارکردنی زەوییەکانی بۆ کوردستان24 خستە ڕوو و رایگەیاند: "دوای دابەشکردنەکە، نووسراو بۆ سەرجەم شارەوانییەکانی سنووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی فەرمانبەر و مووچەخۆرەکان پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون. هەر کە وەڵام و رەزامەندییەکان گەڕانەوە، کارتی شارەوانییان پێ دەدرێت و ئەو کات دەتوانن مامەڵەی پێوە بکەن."
گوتیشی: "پرۆسەی بەسەنەدکردنیش بەردەوامە؛ پێشتر رەزامەندیی وەزارەتەکانی دارایی و کشتوکاڵمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی زەوییەکان تۆمار بکرێن و بکرێن بە ناوی شارەوانییەوە، تا لە نزیکترین دەرفەتدا سەنەدی تاپۆی تایبەت بە خۆیان بۆ دەربچێت."