سایلۆی هەولێر وادە و خشتەی دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی بڵاوکردەوە
سایلۆی هەولێر ئاگاداری جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکاتەوە، ڕۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2026 دەست پێ دەکات و پارەکەش لە ڕێگەی بانکی (TBI) خەرج دەکرێت.
بەگوێرەی ئاگادارییەکەی سایلۆی هەولێر، پێویستە جووتیاران لە ڕۆژانی دیاریکراودا و بەپێی ژمارەی زنجیرەکانیان ئامادە بن. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو جووتیارانەی گەنمەکانیان لە سایلۆی قوشتەپە بە بازاڕ کردووە، هەر لە سایلۆی قوشتەپە چەکی پارەکانیان وەردەگرنەوە.
خشتەی دابەشکردنی چەکی پارە لە سایلۆی هەولێر:
- یەکشەممە (2026/11/29): لە زنجیرەی 531 تاوەکو 610.
- دووشەممە (2026/11/30): لە زنجیرەی 611 تاوەکو 690.
- سێشەممە (2026/12/1): لە زنجیرەی 1 تاوەکو 72 (تایبەت بە کۆیە).
- چوارشەممە (2026/12/2): لە زنجیرەی 691 تاوەکو 760.
- پێنجشەممە (2026/12/3): لە زنجیرەی 761 تاوەکو 830.
خشتەی دابەشکردنی چەکی پارە لە سایلۆی قوشتەپە:
- یەکشەممە (2026/11/29): لە زنجیرەی 441 تاوەکو 480.
- دووشەممە (2026/11/30): لە زنجیرەی 481 تاوەکو 520.
- سێشەممە (2026/12/1): لە زنجیرەی 521 تاوەکو 560.
مەرج و ڕێنماییەکان: سایلۆی هەولێر جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە کردووەتەوە بۆ وەرگرتنی چەکەکان:
1. پێویستە ئەو کەسەی چەکەکەی بەناوەوەیە خۆی ئامادە بێت، یاخود بریکارنامەی (وەکالە)ـی پەسەندکراو و نوێکراوەی ئەمساڵ (2026) پێشکەش بکات.
2. لە ئەگەری کۆچی دوایی خاوەنی چەکەکەدا، پێویستە دابەشنامەی (شەرعی یان یاسایی) لەگەڵ بریکارنامەی گشت وارسەکان بهێنرێت.