مامۆستایانی ئایینی لە گوتاری ئەمڕۆی هەینیدا باس لە چی دەکەن

سەرۆکی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر گوتەکانی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، گوتاری ئەمڕۆی مامۆستایانی ئایینی تایبەت دەبێت بە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و جەختکردنەوە لە یەکهەڵوێستی.

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، د. بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێش و وەک هەڵوێستێک بەرامبەر گوتەکانی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، گوتاری ئەمڕۆی مامۆستایانی ئایینی تایبەت دەبێت بە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان.

د. بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەش دا، ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەم پرسە و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان، هاوکات جەختی کردەوە کە لە گوتارەکاندا بایەخ بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی دەدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە، لە هەولێری پایتەخت بە ئامادەبوونی هەزاران هاووڵاتی، خۆپێشاندانی جەماوەری دژی بڕیار و گوتەکانی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێوەچوو، هەروەها خۆپێشاندانەکان سەرتاسەری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سۆران و ناوچەکانی دیکەشی گرتەوە.

لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 300 مزگەوت بوونیان هەیە؛ لەو ژمارەیە لە سێ هەزار و 400 مزگەوتدا گوتاری هەینی پێشکەش دەکرێت، ئەوانی دیکەش کە دەمێننەوە هەموویان نوێژنگەن (موسەڵڵان) و پێنج نوێژە فەرزەکەیان تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام گوتاری هەینییان لێ بەڕێوە ناچێت.