راپۆرتێکی ئەلنەهار: زیاتر لە 355 هەزار قوتابی لە عێراق وازیان لە خوێندن هێناوە

ماڵپەڕی "ئەلنەهار"ی لوبنانی لە راپۆرتێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر قەیرانی قووڵی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە عێراق و ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەکان، بەرزبوونەوەی رێژەی وازهێنان لە خوێندن و پشکپشکێنەی حزبی، ئاستی زانستی لەو وڵاتە پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە و پێویستی بە چاکسازییەکی ریشەیی هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئەلنەهار، قەیرانی فێرکردن لە عێراق تەنیا لە کەمیی قوتابخانە و خراپیی پرۆگرامەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو رەنگدانەوەی تێکچوونی سیستەمی بەڕێوەبردن، لاوازیی پلاندانان و لێکەوتەکانی جەنگ و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانە کە دوای ساڵی 2003 زۆر توندتر بوون. لە کاتێکدا عێراق لە رابردوودا خاوەنی ئەزموونێکی پێشکەوتووی فێرکردن بوو لە ناوچەکەدا، ئێستا رووبەڕووی داڕمانی کوالێتیی خوێندن، لاوازیی توێژینەوەی زانستی و نەگونجانی دەرچووان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار بووەتەوە.

پاشەکشەی کوالێتی و زیادبوونی رێژەی وازهێنان لە خوێندن

ئامارەکانی رێکخراوی یونسکۆ دەریدەخەن کە تا ساڵی 2010 نزیکەی 80%ی قوتابخانەکانی عێراق رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە. هەرچەندە رێژەی تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی لە 68%ەوە لە ساڵی 2010 بۆ 83% لە ساڵی 2020 بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی باشتربوونی کوالێتیی خوێندن.

لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 ئاشکرای دەکەن کە 355 هەزار و 640 قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە؛ لەو ژمارەیە 200 هەزار و 703 قوتابی لە قۆناخی سەرەتایی، 149 هەزار و 594 لە قۆناخی ناوەندی و 5 هەزار و 343 قوتابیش لە خوێندنی پیشەیی بوون. هەروەها رێژەی پەیوەندیکردن بە خوێندن لە قۆناخی سەرەتاییدا 95% بووە، بەڵام لە قۆناخی ناوەندی بۆ 67% و لە ئامادەیی بۆ 36% دابەزیوە و لە خوێندنی پیشەییشدا لە 1.4% تێپەڕی نەکردووە، کە هۆکارەکەی بۆ هەژاری، کارکردنی منداڵان و خراپیی ژینگەی قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە.

کەمیی باڵەخانە و قەرەباڵخیی قوتابخانەکان

بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، عێراق پێویستی بە نزیکەی 10 هەزار باڵەخانەی نوێی قوتابخانە هەیە، چونکە بەردەوامیی دوو دەوانت و سێ دەوامی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی خوێندنی رۆژانە و دابەزینی ئاستی زانستی. سەرەڕای ئەوەی خەرجیی گشتی بۆ کەرتی پەروەردە لە 8.2 تریلیۆن دینارەوە لە ساڵی 2009 بۆ 10.8 تریلیۆن دینار لە ساڵی 2019 بەرزبووەتەوە، بەڵام پشکی ئەو کەرتە لە کۆی گشتیی بودجەی دەوڵەت پاشەکشەی کردووە.

پشکپشکێنەی حزبی و دەستوەردانی سیاسی

راپۆرتەکەی ئەلنەهار تیشک دەخاتە سەر ئەوەی دوای ساڵی 2003، پشکپشکێنەی سیاسی و حزبی لە دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و زانکۆکاندا زاڵ بووە. یونسکۆ رەخنەی لە دامەزراندنەکان گرتووە بەوەی لەسەر بنەمای لایەنگریی حزبی بووە نەک لێهاتوویی و پسپۆڕی، ئەمەش سەربەخۆیی زانکۆکانی نەهێشتووە و بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ئیداری.

زانکۆکان، توێژینەوەی زانستی و بازاڕی کار

لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا، زانکۆکانی عێراق بەدەست کەمیی بودجەی توێژینەوەی زانستی، نەبوونی تاقیگەی پێشکەوتوو و فراوانبوونی بێپلانی ژمارەی زانکۆ و کۆلێژەکانەوە دەناڵێنن. زۆربەی قوتابیان روو لە پسپۆڕییە تیۆرییەکان دەکەن و خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی فەرامۆش کراوە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە نێوان دەرچووان و بازاڕی کاردا دروست کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2025 ئاماژە بە هەندێک هەنگاوی ئەرێنی دەکات، لەوانە گەڕاندنەوەی 101 هەزار و 679 منداڵی دابڕاو بۆ بەر خوێندن و جێبەجێکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیارییە پەروەردەییەکان لە 7 هەزار و 810 قوتابخانە و راهێنانی زیاتر لە 14 هەزار مامۆستا.

لە کۆتایی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئەلنەهاردا هاتووە، قەیرانی خوێندن لە عێراق تەنیا قەیرانی قوتابخانە و پرۆگرام نییە، بەڵکو قەیرانی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنە، پێوەری راستەقینەی سەرکەوتنی فێرکردنیش بە ژمارەی ئەو بڕوانامانە ناپێورێت کە ساڵانە دەبەخشرێن، بەڵکو بە جۆری ئەو مرۆڤە دەپێورێت کە دروستی دەکات و دەتوانێت بەشداری لە بنیاتنانی دەوڵەت و ئابووریدا بکات.