سوپای پاسداران: فڕۆکەیەکی F-16ـمان لە ئاسمانی ئێران دوور خستەوە
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-16ی سوپای ئەمەریکا لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەی هەنگام بە هۆی تەقەی هۆشداریی بەرگریی ئاسمانییەوە ناچار بووە ئاراستەی خۆی بگۆڕێت و لە ئاسمانی ئێران دوور بکەوێتەوە.
هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی سوپای پاسداران، فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمەریکا لە کاتی ئەرکی یاوەریکردن و دابینکردنی پارێزگاریی ئاسمانی بۆ ئەو کەشتییانەی بە سەرپێچیکار ناوی بردوون، لە سنووری باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەی هەنگام لە ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک بووەتەوە، بۆیە رووبەڕووی تەقەی هۆشداریی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسداران بووەتەوە و دوای مانۆڕێکی توند ناچار بووە ئاراستەکەی بگۆڕێت.
سوپای پاسداران هۆشداریی داوە، هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕاندن و پێشێلکردنی رێساکانی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا پەسەندنەکراوە و بەردەوامبوونی ئەو هەنگاوانە دەکرێت زیانی قورستر بە سەرپێچیکاران و هێزە سەربازییە پاڵپشتیکارەکانیان بگەیەنێت.
هەروەها بە فەرماندەکانی سوپای ئەمەریکا راگەیەندراوە، ئاسمانی ئێران هێڵی سووری هێزە چەکدارەکانە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێشێلکاریدا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە، رووبەڕووی وەڵامی یەکلاکەرەوەی بەرگریی ئاسمانی دەبنەوە و رەنگە چارەنووسێکی هاوشێوەی فڕۆکەی F-15 و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەئامانجگیراوەکانی ئەمەریکایان هەبێت.