ئەردۆغان رێککەوتننامەی مەککەی لەگەڵ سعوودیە و پاکستان پەسەند کرد
سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمی رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککەی لەگەڵ هەریەک لە پاکستان و سعوودیە پەسەند کرد، بەمەش رێکارەکانی پەسەندکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن ئەنقەرەوە تەواو بوون و رێگە بۆ ناردنی پاڵپشتیی سەربازی بۆ ریاز خۆش دەکات.
رۆژنامەی فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاویکردەوە، سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر رێککەوتننامەکە داوە، دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا لە 5ـی ئەم مانگەدا پەسەندی کردبوو.
هەرسێ وڵات لە مانگی ئابی رابردوودا لە شاری مەککەی پیرۆز، لە سایەی نیگەرانییە روو لە زیادبووەکان سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، رێککەوتننامەکەیان واژۆ کردبوو. بڕیارە رۆژانی هەینی و شەممەی ئەم هەفتەیەش کۆبوونەوەکانی هەرسێ وڵات لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچن.
بەگوێرەی بەندەکانی رێککەوتننامەکە، هەر هێرشێک بکرێتە سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەموویان هەژمار دەکرێت. لەو چوارچێوەیەشدا، پەرلەمانتارێکی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا مانگی رابردوو بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، وڵاتەکەی پێشنیازێکیش پێشکەشی پەرلەمان دەکات بۆ پێدانی دەسەڵات بە مەبەستی بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی لە سعوودیە لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا.
جێی ئاماژەیە، تورکیا خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و سعوودیە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت لە جیهاندا، لە کاتێکدا پاکستان تاکە وڵاتی ئیسلامییە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە.