نەتەوە یەکگرتووەکان: پشتێنەی سەوزایی هەولێر چارەسەرێکی سروشتیی بەنرخە بۆ عێراق و ناوچەکە

لە نێو مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا لە عێراق؛ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کوردستان24 لەسەر پشتێنەی سەوزایی دەدوێت

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، عێراق و ناوچەکە لە ریزی هەرە بەرکەوتووانی گۆڕانی کەشوهەوا و خۆڵباریندان، و پشتێنە سەوزاییە بەباشی نەخشەسازکراوەکان دەکرێت ببنە چارەسەرێکی سروشتیی بەنرخ؛ هاوکات داتاکانی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر نیشانی دەدەن حەوت ملیۆن دار بە دەوری پایتەختدا دەچێنرێن.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، رەجا ئەبو عزەددین، بەرپرسی پەیوەندییەکان لە نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیای بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەری کوردستان24 لەبارەی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، رایگەیاند، عێراق و ناوچەکە بەشێوەیەکی فراوان لە ریزی هەرە بەرکەوتووانی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوان، لە گەرمای توند و وشکەساڵییەوە تا تێکچوونی زەوی و خۆڵبارینی بەردەوام.

رەجا ئەبو عزەددین گوتیشی: پشتێنە سەوزاییە بەباشی نەخشەسازکراوەکان دەکرێت ببنە چارەسەری سروشتیی بەنرخ، یارمەتیدەر بن بۆ جێگیرکردنی خاک، کەمکردنەوەی داخورانی با و تۆزی ناوخۆیی، فێنککردنەوەی گەڕەکە شارنشینەکان، گڵدانەوەی کاربۆن و دروستکردنی ژینگە و هەلی کاری سەوز.

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 5/5ـی کۆمەڵەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2022، دووپاتی کردووەتەوە کە سەرکەوتنی درێژخایەنی ئەم جۆرە پرۆژانە پشت بە پلاندانانی ورد دەبەستێت؛ لەوانە هەڵبژاردنی جۆری رووەک و داری گونجاو لەگەڵ دۆخی ناوخۆیی و رووەکی خۆماڵی لە کاتی گونجاودا، بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوە کەم و سنووردارەکانی ئاو، بەشدارپێکردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و چاودێریکردنی ئەنجامەکان بە تێپەڕبوونی کات.

بەرپرسی پەیوەندییەکان لە نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیای بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند: ئەو دەستپێشخەرییانەی پەیڕەوی ئەم بنەمایانە دەکەن دەبنە وانەیەکی بەنرخ بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و ناوچەکە.

پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بە درێژایی نزیکەی 78 کیلۆمەتر بە دەوری شاری هەولێردا دروست دەکرێت و کۆی گشتی حەوت ملیۆن داری زەیتوون، فستق و پرتەقاڵ لەخۆ دەگرێت، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی پرۆژەکە ساڵانە نزیکەی 210 هەزار تۆن گازی زیانبەخش کەم دەکاتەوە و رێگری لە تۆز و خۆڵ دەکات.

لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر ڕووبەری 4,200 دۆنم زەوی 700 هەزار نەمام چێندراون، و لە 15ی تشرینی دووەمی 2026یش قۆناغی دووەمی راگەیەندرا کە 11 هەزار دۆنم زەوی لە گوندی گەزەنە لەسەر رێگەی هەولێر-دهۆک و سێبیران لەسەر رێگەی هەولێر-خەبات دەگرێتەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار نەمامی زەیتوونی یۆنانی لەگەڵ سێ گۆمی ئاودێری لەخۆ دەگرێت، و بڕیارە لە 10%ـی کارەکانی لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێت.

رۆژی پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، کاروان مێسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی، نەمامە زەیتوونەکان تەمەنیان یەک ساڵە و بە گوێرەی وەرزی چاندن بەش بەش و قۆناخ بە قۆناخ دەچێنرێن و دوای سێ ساڵ بەرهەمیان دەبێت.

هەروەها باسی لەوە کرد کە پرۆژەی دامەزراندنی کارگەیەکی زەیتی زەیتوون لە قۆناخی پلانداناندایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیار لەسەر کاتی دەستپێکردن و توانای بەرهەمهێنانی بدرێت، دووپاتیشی کردەوە، تا ئێستا لە هەردوو قۆناخەکەدا هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان و کرێکارانی ناوخۆیی رەخسێندراوە.

گرنگیی ئەم جۆرە پرۆژانە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ژینگەیی و کەشوهەوایی بووەتەوە:

ریزبەندیی جیهانی و ئاوارەبوونی کەشوهەوایی: بە گوێرەی راپۆرتی شەشەمی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP GEO-6)، عێراق پێنجەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین زیانی بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاو و خۆراک و گەرمای توندەوە بەر دەکەوێت. هاوکات کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە راپۆرتی (No Escape II)دا هۆشداریی داوە کە عێراق لە نێو ئەو 65 وڵاتەدایە کە تا ساڵی 2040 رووبەڕووی مەترسیی یەکجار توندی کەشوهەوا دەبنەوە.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمیی ئاو: بە گوێرەی راپۆرتی (کەشوهەوا و گەشەپێدانی عێراق)ی بانکی نێودەوڵەتی، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 تێکڕای پلەی گەرمای ساڵانە لە عێراق بە رێژەی 2.5 پلەی سیلیزی بەرز ببێتەوە و ژمارەی ئەو رۆژانەی پلەی گەرمایان لە سەرووی 35 پلەیە 24 رۆژ زیاد بکات.

بانکی نێودەوڵەتی پێشبینیش دەکات کەلێنی نێوان دابینکردن و خواستی ئاو تا ساڵی 2035 لە پێنج ملیارەوە بۆ 11 ملیار مەتر سێجا زیاد بکات و عێراق تا ساڵی 2040 پێویستی بە نزیکەی 233 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی ژینگەیی و گەشەپێدان هەیە.

بەبیابانبوون و زیانی خاک: بە گوێرەی بەڵگەنامەی پابەندییە نیشتمانییەکانی عێراق (NDC 3.0) کە پێشکەشی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (UNFCCC) کراوە، 39%ـی خاکی عێراق تووشی بەبیابانبوون بووە، 55.5%ی زەوییەکان مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە، 69.8%ـی زەوییەکان تێک چوون و سوێربوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە رێژەی 54% زیادی کردووە.

خۆڵبارین و کاریگەریی تەندروستی: بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی عێراق کە کۆمیسیۆنی ئەورووپی بۆ هاوکاریی مرۆیی (DG ECHO) لە ئایاری 2025دا بڵاوی کردووەتەوە، عێراق لە 20 ساڵی رابردوودا ساڵانە بە تێکڕا 272 رۆژی تۆزاوی و خۆڵبارینی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 بگاتە 300 رۆژ لە ساڵێکدا.

هەروەها توێژینەوەیەکی ساڵی 2026ـی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێبوونی مرۆیی (UN-Habitat) لە باشووری عێراق دەریدەخات هەر شەپۆلێکی زیادەی تۆز و خۆڵبارین لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی 2%ی سەردانیکردنی نەخۆشخانەکان بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسەوە پەیوەستە.

پڕۆژەی پشتێنەی سەوازیی هەولێر

قۆناخی دووەم:

- ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

- لە گوندی گەزنە لەسەر رێگەی سەرەکیی (هەولێر - دهۆک) و لە سێبیران لەسەر رێگەی (هەولێر - خەبات) جێبەجێ دەکرێت.

- لەسەر رووبەری 10 هەزار دۆنم زەوی و لە چوار بەشدا جێبەجێ دەکرێت.

- لە بەشی یەکەمدا 500 هەزار داری زەیتوون دەچێندرێن و لە تەواوی قۆناخەکەدا نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار دار دەچێندرێن.

- سێ پۆندی ئاودێری و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لەم قۆناخەدا دروست دەکرێن.

- کارەکان لە 11ـی تەممووزی ئەمساڵەوە دەستیان پێکردووە و بریتی بوون لە پاککردنەوە و ئامادەکردنی زەوی، دانانی سیستەمی ئاودێری و دروستکردنی پەرژین.

- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دڵنیایی داوە، مافی جووتیاران و خاوەن زەوییەکان دەپارێزرێت و قەرەبوو دەکرێنەوە.

 

قۆناخی یەکەم:

- لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە لایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە دەستیپێکرد.

- لەسەر رووبەری 15 هەزار و 200 دۆنم جێبەجێ کرا و تیایدا نزیکەی 700 هەزار داری زەیتوون و حەوت هەزار داری پرتەقاڵ چێندران.

 

 پلانی گشتی و ئامانجەکانی پڕۆژەکە

- بە درێژیی 83 کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر بە دەوری شاری هەولێردا دروست دەکرێت و لە هەشت زۆن پێکدێت.

- پلانی گشتیی پڕۆژەکە چاندنی نزیکەی حەوت ملیۆن دارە.

- ئامانجی پڕۆژەکە زیادکردنی رووبەری سەوزایی، کەمکردنەوەی خۆڵبارین، پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە.