ئەحمەد جەربا: دەبێت قەیرانی هەولێر و بەغدا بە دەستوور چارەسەر بکرێت
سەرۆکی رەوتی غەدی سووری: هەولێر و سەرۆک بارزانی پەناگەی ئاوارە و لێقەوماوانی سووریا بوون
سەرۆکی رەوتی غەدی سووری داواکاریی هەندێک چالاکوانی سووریی کرد بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی سێماڵکا لە دژی هەرێمی کوردستان، هاوکات دووپاتی کردەوە کە قەیرانی هەولێر و بەغدا پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و پێویستە سوورییەکان دەستی تێ وەرنەدەن.
هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد جەربا، سەرۆکی رەوتی غەدی سووری لە 27ـی تشرینی دووەمی 2026 لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە ماوەی سێ رۆژە چاودێریی قەیرانێکی نوێی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەشی وەک بەشێک لەو زنجیرە قەیرانانە ناو برد کە 20 ساڵە ناوبەناو سەر هەڵدەدەنەوە و هەمیشە بە پەنابردن بۆ دەستوور و دەستپێشخەریی دانایانی کورد و عەرەب کۆتاییان پێ هاتووە.
جەربا گوتیشی: تێکچوونی هاوسەنگی لە بەغدا دەبێتە هۆی تێکچوونی عێراق، هەروەک چۆن تێکچوونی هاوسەنگی لە هەولێریش هەمان کاریگەریی هەیە، و هیوای خواست قەیرانەکە بە زوویی کۆتایی بێت و دۆخەکە بگەڕێتەوە رێڕەوی ئاسایی خۆی. هەروەها باسی لە پەیوەندیی ستراتیژیی خۆیان لەگەڵ هەولێر و بنەماڵەی بارزانی کرد کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە دروست کراوە و رەگوڕیشەی مێژوویی و جوگرافی و هاوپەیمانیی نزیکەی دوو سەدەی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، ئەحمەد جەربا رەخنەی توندی لەو چالاکوانە سوورییانە گرت کە هاتوونەتە ناو قەیرانەکەوە و داوای داخستنی دەروازەی سنووریی سێماڵکا دەکەن، و ئەو داواکارییەی بە گوزارشت لە رقێکی نەتەوەیی بێئومێدانە ناو برد.
جەربا وەبیری هێنایەوە کە دەروازەی سێماڵکا تاکە دەروازە بووە لە رۆژهەڵاتی سووریا کە جیابووەوان لە رژێمی پێشوو، دەرکراوان، ستەملێکراوان، نەخۆشان و هەڵاتووان لە لانیکەم سێ پارێزگای گەورەی سووریاوە پێیدا پەڕیونەتەوە، و هەولێر وێستگەی سەرەکییان بووە بێ ئەوەی پاسپۆرتی سوورییان لێ بکرێتە مەرج، لە کاتێکدا دەرکردنی پاسپۆرت بۆ خێزانەکان تێچوویەکی قورس و زەحمەت بوو.
سەرۆکی رەوتی غەدی سووری راشیگەیاند، سەرۆک بارزانی و کوردان پەناگەی هەموو لێقەوماو و هەڵاتووان بوون و سەرباری کەمیی تواناکان، کەمپی پەنابەرانیان بۆ هەموو پێکهاتەکان بێ هیچ جیاوازییەکی نەژادی، ئایینی و مەزهەبی کردووەتەوە و لە قۆناخی دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی گەورەی سووریا و عێراق لەلایەن داعشەوە، هەرێمی کوردستان ئەم دەروازە مرۆییەی بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل کردووەتەوە؛ لەم بارەیەشەوە پرسی: ئایا پاداشتی چاکە بە چاکەنەناسی و نکوڵیکردن دەبێت؟.
ئەحمەد جەربا داوای لە چالاکوانانی سووری کرد لە جیاتی دەستوەردان لە قەیرانی عێراق، باسی ئازاری سوورییەکان بکەن لە گرانیی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی وەک مازۆت لە وەرزی زستاندا، و باسی ئەوە بکەن کە ئیسرائیل زیاتر لە ساڵ و نیوێکە رۆژانە لە پارێزگاکانی دەرعا، سوەیدا و قونەیتەرە لە باشووری سووریا دەستدرێژی دەکات و گەیشتووەتە نزیک دیمەشق، گوتیشی: سووریا ئەوەندە قەیرانی هەیە کە بەسی بێت؛ عێراق بۆ خەڵکەکەی جێبهێڵن.