یەکێتیی ئەوروپا: داوا لە هەولێر و بەغدا دەکەین بە گفتوگۆ ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن
گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا راگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکانی عێراق دەکات داوا لە لایەنەکان دەکات هەر ناکۆکییەک لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە چارەسەر بکەن.
هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکانی عێراق دەکات و هانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەدات هەر ناکۆکییەک لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە چارەسەر بکەن.
ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەورووپا دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا دێت، کە لە ئەنجامی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و راگرتنی کاتیی بەشە بەرهەمە نەوتییەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سنووری دەسەڵاتی هەرێم و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە سنوورەکاندا، سەریان هەڵداوە.
لە کاردانەوەی ئەو هەنگاوانەدا، سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارە تاکلایەنەکان و زمانی سەربازییان رەتکردەوە و داوای پابەندبوون بە دەستووریان کرد.
هاوکات رۆژی پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026 هەزاران هاووڵاتی و قوتابی و مامۆستا لە بەردەم قەڵای هەولێر خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان بۆ پشتگیریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کرد.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەم هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشنیارێکی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییان پەسەند کرد بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە 1ی کانوونی یەکەمی 2026، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دەستووریی نێوان هەولێر و بەغدا.