سوپای پاسداران: شکاندنی گەمارۆی دەریایی ئەرکێکە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: کاتژمێری سفر بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی زۆر نزیک بووەتەوە؛ هاوکات جەختی کردەوە کە شکاندنی گەمارۆکە ئەرکێکە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.
هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026،عەلی عوزمایی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: کاتژمێری سفر بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی زۆر نزیک بووەتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە دوژمن چاوەڕوانی جووڵە لە ئاسمان و دەریادا بکات.
هاوکات فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتیشی کردەوە، شکاندنی گەمارۆکە ئەرکێکە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێوڕەسمێکی جەژنی سوپاسگوزاریدا لە کۆشکی سپی گوتوبووی: "هیچ کەشتییەکی ئێرانی نەیتوانیوە گەمارۆکەمان بشکێنێت لەو کاتەوەی لە نیسانی رابردوودا سەپێنراوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئێران ئێستا توانایەکی سنوورداری بۆ هاویشتنی مووشەک هەیە.
هاوکات دووپاتی کردبووەوە، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.
لە بەرامبەردا موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئاماژەی بەوە کردبوو، وڵاتەکەی سوورە لەسەر شکاندنی گەمارۆکەی ئەمریکا و بە هەموو هێزێکەوە وەڵامی هەر هێرشێکی نوێ دەداتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.