کچانی سەنحاریبی دهۆک بوونە پاڵەوانی جامی رۆژئاوای ئاسیا

کچانی سەنحاریبی دهۆک بوونە پاڵەوانی جامی رۆژئاوای ئاسیا
کچانی سەنحاریبی دهۆک بوونە پاڵەوانی جامی رۆژئاوای ئاسیا

کچانی سەنحاریبی شاری دهۆک شکستییان بە یانەیەکی لوبنانی هێنا و بوونە پاڵەوانی جامی بالەی رۆژئاوای ئاسیا.

ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، تیمی تۆپی بالەی کچانی یانەی سەنحاریب لە دهۆک بووە پاڵەوانی دووەمین پاڵەوانێتیی یانەکانی رۆژئاوای ئاسیا، دوای بردنەوەی لە یانەی شەبیبە بووشریەی لوبنانی لە بەیرووت.
 
لە یاریی کۆتاییدا کە لە هۆڵی کۆمەڵگەی وەرزشیی میشێل مۆر لە بەیرووت بەڕێوەچوو، کچانی سەنحاریب بە ئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر (3 - 0) سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. بەم ئەنجامەش کچانی دهۆک یەکەمین نازناوی نێودەوڵەتییان لەسەر ئاستی تۆپی بالەی کچان بۆ یانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەستهێنا.
 
دووەمین پاڵەوانێتیی یانەکانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ بالەی کچان لە 25 تـا 28ـی تشرینی دووەم بە بەشداریی چوار یانە لە سێ وڵات بەڕێوەچوو کە بریتی بوون لە سەنحاریب، عەرەبیی قەتەری، شەبیبە بووشریەی لوبنان و قەلەموونی لوبنان. نوێنەرەکەی دهۆک توانی بە سێ بردنەوە و بەبێ هیچ شکستێک سەرجەم یارییەکان لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
 
پێش گەیشتنی بە یاریی کۆتایی، تیپەکە لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەیدا لە 25ـی تشرینی دووەم، دوای ئەوەی لە دوو گێمی یەکەمدا لە دواوە بوو، گەڕانەوەیەکی بەهێزی تۆمار کرد و توانی بە سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم لە یانەی عەرەبیی قەتەری بباتەوە. دواتریش لە 26ـی تشرینی دووەم لە دووەم یاریی خۆیدا، بە ئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر (25 - 16، 25 - 23، 25 - 6) لە یانەی قەلەموونی لوبنانی بردەوە.
 
پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، هەکار بەرقی، راهێنەری تیمی بالەی کچانی سەنحاریب رایگەیاند، ئامانجیان بردنەوەی نازناوەکەیە.
ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدایە سەنحاریب بۆ دوو ساڵی لەسەریەک لە 2025 و 2026 نازناوی خولی نایابی بالەی کچانی عێراقی بەدەستهێناوە، دوایین جاریش لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026 بوو لە سلێمانی، کاتێک بە سێ گێمی بێبەرامبەر لە یانەی ئەکادی عەنکاوەی هەولێر بردەوە و پارێزگاریی لە نازناوەکەی کرد.
 
بردنەوەی جامی ئەم وەرزە وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ سەنحاریب، بەوپێیەی لە یەکەم وەشانی پاڵەوانێتییەکە لە کانوونی یەکەمی 2025 لە کوەیت پلەی پێنجەمی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەمڕۆ توانی وەک پاڵەوانی نوێی رۆژئاوای ئاسیا نازناوەکە بەرز بکاتەوە.