ناتانیاهۆ و ئایزینکۆت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ئیسرائیل کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر رایگەیاند، ناتانیاهۆ لەگەڵ گادی ئایزینکۆت، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.

لە راگەیەندراوێکی لیکوددا هاتووە: "سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهۆ و گادی ئایزینکۆت، سەرۆکی پارتی یاشار، ئەمڕۆ کۆدەبنەوە".

گادی ئایزینکۆت، سەرۆکی پارتی یاشار رایگەیاند، جددیبوونی نیازەکانی پارتی لیکود تاقی دەکاتەوە، پاش ئەوەی لیکود پێشنیازی رێککەوتنی دەستاودەستکردنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی لە چوارچێوەی حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانیدا بۆ کردبوو.

ئایزینکۆت لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "ئەگەر پارتی لیکود بۆ یەکێتییەکی راستگۆ ئامادەیە، من ئامادەم لە 24 کاتژمێری داهاتوودا جددیبوونی نیازەکانی تاقی بکەمەوە. داوا لە ناتانیاهۆ و تیمەکەی دەکەم لە هۆتێلێکی هێرتسڵیا لە باکووری ئیسرائیل ئامادە بن، بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستانێکی راستگۆ و بە خێرایی".

دوێنێ شەممە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر پێشنیازی رێککەوتنی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی بۆ رکابەرەکەی کرد، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئایزینکۆت لە سەرەتادا سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو دەگرێتە ئەستۆ.

ناتانیاهۆ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس پێشنیازی پێکهێنانی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانیی کرد و گوتی: "بەرپرسیارێتیی من وەک سەرکردەیەک ئەوە دەخوازێت هەموو شتێک بخەمە لاوە و رازی بم گادی ئایزینکۆت لە سەرەتادا پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، لەکاتێکدا من بە دەستاودەستکردن دەبمە سەرۆکوەزیران".

لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 27ـی تشرینی یەکەمدا، ناتانیاهۆ نەیتوانی زۆرینەی پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران مسۆگەر بکات، لە بەرامبەردا ئیسحاق هێرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ئایزینکۆتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو راسپارد.

پێشنیازەکەی ناتانیاهۆ رۆژێک دوای ئەوە هات کە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بەڵێنیدا کابینەکەی لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە تەواو بکات، کە 6ـی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت و تەنیا بۆ یەکجار بۆ ماوەی 14 رۆژ درێژ دەکرێتەوە.

هاوکات پارتی یشاری ناوەندگەر بە سەرۆکایەتیی ئایزینکۆت گەیشتووەتە رێککەوتنی هاوپەیمانی لەگەڵ دوو پارتی هاوپەیماندا، بەڵام دەرفەتی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی هێشتا نادیارە.

هەینیی رابردوو، ئایزینکۆت پارتی لیکودی بە دواخستنی دانوستانەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکوومەت تۆمەتبارکرد، بە مەبەستی پاڵنانی دۆخەکە بەرەو سازدانی هەڵبژاردنی نوێ.