ئیسرائیل.. سەرۆکی لیستی عەرەبی یەکگرتوو حەماس بە 'تیرۆریست' وەسف دەکات
سەرۆکی لیستی عەرەبی یەکگرتوو لە ئیسرائیل، بە ئاشکرا بزووتنەوەی حەماس بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناو دەبات، ئەم هەنگاوەش یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم بەشداریکردنی حزبەکەی لە هاوپەیمانێتییە حکوومییە نوێیەکەدا لادەبات.
مەنسوور عەباس، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان"، ئەو لێدوانانەی دا، دوای ئەوەی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشوو و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت، مەرجی ئەوەی خستە بەردەم هەموو هاوبەشە ئەگەرییەکانی هاوپەیمانێتییەکە کە حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکەن، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی.
ئایزنکۆت، سەرۆکی حزبی ناوەندی "یاشار"، پێشتر کراوەیی خۆی بۆ بەشداریی هەر حزبێک لە حکوومەتەکەیدا راگەیاندبوو، بە مەرجی پابەندبوون بە 4 بنەمای سەرەکی.
ئەو بنەمایانە پێکدێن لە: پۆلێنکردنی حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، پابەندبوون بە کۆتاییهێنان بە حوکمڕانییەکەی لە کەرتی غەززە، پاراستنی ناسنامەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوو و دیموکراسی و رێزگرتن لە بەهاکانی راگەیاندنی سەربەخۆیی، هەروەها سەپاندنی خزمەتی نیشتمانیی ناچاری بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا، کە عەرەبەکانیش دەگرێتەوە.
ئایزنکۆت روونیشی کردەوە، خزمەتی نیشتمانی دەکرێت لە رێگەی خزمەتی سەربازی یان مەدەنییەوە ئەنجام بدرێت.
لە بەرامبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە هەوڵی مانەوە لە دەسەڵات دەدات، مەنسوور عەباسی بە چەواشەکردنی رای گشتی تۆمەتبار کرد. ناتانیاهۆ پێشتریش چەندین جار حزبە عەرەبییەکانی بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو.
لە چوارچێوەی راوێژەکانی پێکهێنانی حکوومەتدا، ناتانیاهۆ ئێوارەی شەممە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی رێگە بە ئایزنکۆت بدات سەرەتا پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، بەپێی رێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی سەرۆکایەتی حکوومەت لە چوارچێوەی حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانیدا.