تۆڕی هەواڵی عێراقییە هەواڵەکەی سڕییەوە و داوای لێبوردن لە هەرێمی کوردستان کرد

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو هەواڵەی لە بارەی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی هەواڵی عێراقییە و چەند کەناڵ و پێگەیەکی دیکەی عەرەبی و جیهانی بڵاوکراوەتەوە ناڕاستە و هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، هاوکات گوتیشی، دوای پەیوەندیکردن بە کەناڵەکە و راستکردنەوەی هەواڵەکە، ناوی هەرێم لە هەواڵەکە سڕاوەتەوە و داوای لێبوردنیان کردووە.

شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆڕی هەواڵی عێراقییە، لە هەواڵێکدا رایگەیاندبوو، دەستگیراوە بەسەر شوێنێک لە ناوچەی نزیک مەرزی پەروێزخان لە نێوان عێراق - ئێران، هاوکات رایگەیاندبوو، ئەو شوێنە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بە قاچاخ لەو شوێنەوە نەوت هەناردەدەکرێت،

سەبارەت بەو هەواڵە بێ بنەما و ناڕاستە، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کەناڵی عێراقییە کردووە و پێی راگەیاندوون، ئەو هەواڵە ناڕاستە و ئەو شوێنەی لە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هاتووە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، هاوکات رایگەیاند، کەناڵەکە دوای راستکردنەوەی هەواڵەکە، داوای لێبوردنی کردووە و پۆستەکەی راستکردووەتەوە کە شوێنێکە لە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق.

لەوبارەیەوە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، دوای ئەوەی چەند پەیج و ئەکاونتێک بەمەبەستی ناشیرینکردنی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و بەمەبەست دەنگۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەڵێن بۆری نەوتی قاچاغ لە دەروازەی پەروێزخان لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دۆزراوەتەوە، بەپێویستی دەزانین لێرەوە هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە سەرجەم ئەو دەنگۆ و بوختانانە رەتدەکەینەوە و بەدرۆی دەخەینەوە.

هاونیشتمانانی بەڕێز ئەو هەواڵە کە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە (دۆزینەوەی بۆری نەوتی قاچاغ) لە پارێزگای سلاحدینە و لە هەواڵەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا بەڕوونی ئاماژەی پێکراوە.

 بەڵام ئەوانەی بەمەبەست دەیانەوێت هاووڵاتیان چەواشە بکەن، نایانەوێت رووداوەکان وەک خۆی بگات بە هاونیشتمانیان، بۆیە هیوادارین ئەوکەسانەی لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانەوەن بەرپرسیارانە و پیشەیانە مامەڵە بکەن پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک بەدواداچوون بکەن، لەڕاستی و دروستی هەواڵەکە بکۆڵنەوە پێش بڵاوکردنەوەی.

وێنە: ئەو هەواڵەی کەناڵی عێراقییە بە هەڵە لەبارەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە

لیکنی هەواڵەکە دوای راستکردنەوەی زانیارییەکان و سڕینەوەی ناوی هەرێمی کوردستان لە هەواڵەکەدا:

لینکی راگەیەندراوە سەرەکییەکەی وەزارەتی بەرگری عێراق لە بارەی ئەو شوێنەی لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستی بەسەرداگیراوە: