ئێران: لە هێرشێکی ئەمریکادا هاووڵاتییەک بێسەروشوێن و دوو کەسیش برینداربوون
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی ئەمریکی بۆ سەر بەلەمێکی ماسیگری لە کەناراوەکانی سیریک لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران، هاووڵاتییەک بێسەروشوێن بوو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەلەمەکە هی هاووڵاتی مەحموود فەتەیە و لە کاتی هێرشەکەدا سێ کەسی تێدا بووە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 3:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاوەکانی بەرامبەر سیریک روویداوە، کە دەڕوانێتە سەر گەرووی هورمز.
تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن توانییان دوو سەرنشین رزگاربکەن و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی سیریک. هاوکات چارەنووسی سەرنشینی سێیەم، کە خاوەنی بەلەمەکەیە، هێشتا نادیارە و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەدوایدا لە دەریادا بەردەوامن، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت کوژرابێت.
سوپای ئێران لە چەند کاتژمێری رابردوودا رایگەیاند، درۆنی سیخوڕییان بەسەر گەرووەکەدا خستووەتە خوارەوە و ئاگر لە کەشتییەکی نەوتیش کەوتووەتەوە، کە بە گوتەی ئەوان سەرپێچیی لە رێنماییەکانی هاتوچۆ لە رۆژهەڵاتی گەرووەکە کردووە. ئەم رووداوانەش هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامیی واشنتن لە سەپاندنی گەمارۆی توندی دەریایی بەسەر ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە بەندەرەکانی ئێرانەوە هەیە.