لە ئەڵمانیا هاوشێوەکەی هیتلەر زیندانی کرا
دادگایەکی ئەڵمانیا سزای هەشت مانگ زیندانیکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی هەزار یۆرۆی بەسەر ستیڤان ڤایکامپدا سەپاند، کە هاووڵاتییەکی هۆڵەندییە و سەر بە رەوتی نازیی نوێیە و شێوەی لە ئەدۆڵف هیتلەر، سەرکردەی نازییەکان دەچێت.
دادگای سەرەتایی مونستەر لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، ڤایکامپی بە تۆمەتی هاندانی رق و کینە بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە تاوانبار کرد. ئەم بڕیارە لەدوای ئەوە دێت، تەممووزی 2025 لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی راستڕەوی توندڕەودا، ڤایکامپ لە چاوپێکەوتنێکدا ستایشی ئەدۆڵف هیتلەری کردبوو.
ڤایکامپ لەو چاوپێکەوتنەدا گوتی "ئەدۆڵف هیتلەر بەهرەمەند بوو". ئەو هەروەها هیتلەری وەک سەرسوڕهێنەرێکی جیهانیی بێ وێنە وەسفکردبوو. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، سەرسامی ئەوە و خۆشەویستیی بۆ ئەڵمانیا لە ئەدۆڵف هیتلەردا بەرجەستە دەبێت.
ڤایکامپ لە دادگا بە دیمەنێکی هاوشێوەی هیتلەر دەرکەوت، کە تێیدا پاڵتۆیەکی چەرمی درێژ و بۆینباغێکی لەبەر کردبوو کە هێمای گوڵی ئیدیلۆیسی لەسەر بوو، ئەو هێمایەی پێشتر هێزەکانی سەر بە سوپای نازی بەکاریان دەهێنا.
دەزگای پەخشی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، کاتێک چاوپێکەوتنەکە لەناو هۆڵی دادگادا پەخشکرا، ڤایکامپ سەری بە مانای پەسندکردن دەجوڵاند. لە گوتەی کۆتاییدا پێش دەرچوونی بڕیارەکە گوتی "من سەرسامی ئەدۆڵف هیتلەرم ".
ڤایکامپ پێیوابوو قسەکانی لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندان. ئەو پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد، تەنیا باسی لایەنە نەرێنییەکانی هیتلەر لە ئەڵمانیا بکرێت، ئازادیی رادەربڕین نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی بیروڕایە.
تیمی بەرگریی ڤایکامپ داوای بێتاوانییان بۆ کرد بە پشتبەستن بە بنەمای ئازادیی رادەربڕین، بەڵام دادگا ئەو تانەیەی رەتکردەوە.