لە عێراق داوا دەکرێت قوتابخانەکان دابخرێن
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، داوای راگرتنی کاتیی دەوامی ئامادەبوون لە قوتابخانەکان و گۆڕینی بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکات، ئەمەش بە مەبەستی سنووردارکردنی مەترسییەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا) کە لە چەند پارێزگایەک بڵاوبووەتەوە.
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، لە راپۆرتێکدا جەختی کردەوە کە پاراستنی تەندروستیی خوێندکاران و ستافی پەروەردەیی لەپێشینەی کارە نیشتمانییەکانە و دواخستن هەڵناگرێت، بەتایبەت لە سایەی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون و مردن بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق و زیادبوونی نیگەرانیی خێزانەکان لەسەر سەلامەتیی منداڵەکانیان.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەریدەخەن کە لە ماوەی ساڵی 2026ـدا، 4,358 حاڵەتی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025ـدا 4,129 حاڵەت و لە ساڵی 2024ـدا 3,948 حاڵەت تۆمارکرابوون.
لە پارێزگای واست، داتاکانی فەرمانگەی تەندروستیی گشتی ئاماژە بە تۆمارکردنی 371 حاڵەت دەکەن لە ئەمساڵدا، کە 161 حاڵەتیان لەناو قوتابخانەکاندا بوون دوای بەدواداچوون بۆ نزیکەی 700 قوتابخانە، سەرەڕای تۆمارکردنی 15 حاڵەتی مردن لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
ناوەندەکە داوای کردووە ئامارەکان بە شێوەیەکی خولی و شەفاف بڵاوبکرێنەوە و ژمارەی تووشبووان و مردووان بەپێی پارێزگا، تەمەن و دامەزراوە پەروەردەییەکان روون بکرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەوکردنی پەردەی مێشک ئاڵنگارییەکی تەندروستیی جیهانییە؛ بەپێی خەمڵاندنەکانی توێژینەوەی بارگرانیی نەخۆشییە جیهانییەکان بۆ ساڵی 2023، لە جیهاندا نزیکەی 2.54 ملیۆن تووشبوون و 259 هەزار مردن تۆمارکراون. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش جەخت دەکاتەوە کە هەوکردنی بەکتریایی پەردەی مێشک رەنگە ببێتە هۆی مردنی 1 کەس لە هەر 6 تووشبوودا، و 1 کەس لە هەر 5 رزگاربوویش رەنگە تووشی ماک و لێکەوتەی مەترسیدار ببێت.
ناوەندی ستراتیژی داوای لە وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بڕیارێکی بەپەلە بدەن بۆ راگرتنی دەوامی ئامادەبوون لە سەرجەم قوتابخانەکانی عێراق و گۆڕینی بە شێوەیەکی کاتی بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی، تا ئەو کاتەی دۆخی پەتاکە هەڵدەسەنگێندرێت و دڵنیایی دەدرێت لە کەمبوونەوەی مەترسییەکان.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، بەردەوامیی هەماهەنگیی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە پارێزگای واست دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە حاڵەتەکان تۆمارکراون و بە هاوکاریی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگاکە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە شانەیەکی قەیرانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای واست و بە بەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی واست پێکهێناوە، بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست و بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، رێکارەکان لە پارێزگای واست بریتی بوون لە پشوودانی فەرمی لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، رشاندن و پاکژکردنەوەی قوتابخانەکان و بەدواداچوون بۆ حاڵەتە گومانلێکراوەکان، هاوکات وەزارەتی تەندروستی جەختی کردووەتەوە کە دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئاستی پەتا و رێکارە خۆپارێزییەکان بۆ پاراستنی خوێندکاران بەردەوامن.
وەزارەتی پەروەردە روونیشی کردووەتەوە کە بڕیاری گۆڕینی خوێندن بۆ ئەلیکترۆنی یان راگرتنی دەوام، بەندە بە راپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستیی گشتییەوە و دووپاتی کردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.