تەندروستیی عێراق: ئەمساڵ زیاتر لە 4000 حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمار کراون
وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی ئەمساڵدا 4,358 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سەرتاسەری عێراقدا تۆمار کراون؛ هاوکات جەختی کردەوە کە تۆمارکردنی حاڵەتەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا لە چوارچێوەی رێژە پێشبینیکراوەکاندایە.
شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە نێوان ساڵانی 2024 تا 2026 خستەڕوو و رایگەیاند: لە ماوەی ساڵی 2026ـدا 4,358 حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە سەرتاسەری عێراقدا تۆمار کراون.
بەپێی ئەو داتایانەی وەزیری تەندروستیی عێراق بڵاوی کردوونەتەوە، لە ساڵی 2024ـدا 3,948 حاڵەت و لە ساڵی 2025ـدا 4,129 حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمار کراون؛
لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری تەندروستی جەختی کردەوە کە سەرجەم پارێزگاکان حاڵەتەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە چوارچێوەی رێژە پێشبینیکراوەکاندا تۆمار دەکەن.
سەبارەت بە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان، وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، 15 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشکەوە لە پارێزگای واست تۆمار کراون.
لە رووی رێوشوێنە تەندروستییەکانیشەوە، وەزیری تەندروستیی عێراق دووپاتی کردەوە، بەدواداچوونی بەردەوام بۆ دۆخی پەتایی هەوکردنی پەردەی مێشک دەکرێت و کار لەسەر بەهێزکردنی رێکارە خۆپارێزی و هۆشیارییەکان دەکرێت.
هاوکات وەزیری تەندروستی دڵنیایی دا کە سەرجەم توانا و پێداویستییەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن بۆ تووشبووانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا بەردەستن.
هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا - Meningitis) چییە؟
بریتییە لە هەوکردن و ئاوسانی ئەو پەردە پارێزەرانەی (پەردەکانی مێشک) کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکیان داوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆس یان بەکتریا لە شلەی دەوروبەری مێشکدا دروست دەبێت.
جۆرە ڤایرۆسییەکەی باوترە و زۆرجار تووشبووەکە بە ئاسانی چاک دەبێتەوە، بەڵام جۆرە بەکتیرییەکەی زۆر مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری بە پەلەی پزیشکی هەیە چونکە دەکرێت ببێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بە مێشک یان گیانلەدەستدان.