لە ئێران نرخی جۆرەکانی کاغەز لە بازاڕدا بەرزبووەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەواڵدەریی فارس، لەم چەند رۆژەی دواییدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دراو، نرخی کاغەز لە بازاڕدا رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەکانی پێشوودا دابەزینی بەخۆوە بینیبوو.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، نرخی هەردوو قەبارەی 60 لە 90 و 70 لە 100ـی کاغەزی تەحریر، بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە بڕی یەک ملیۆن و 100 هەزار تمەن گران بوون.

بەگوێرەی نوێترین نرخی راگەیەندراو لە بازاڕی زەهیرولئیسلام، نرخی کاغەزی تەحریری 60 لە 90 گەیشتە 8 ملیۆن و 500 هەزار تمەن و نرخی قەبارەی 70 لە 100 بۆ 9 ملیۆن و 500 هەزار تمەن بەرزبووەوە. هاوکات نرخی کاغەزی گلاسی بۆ 490 هەزار تمەن و ئیندەربۆرد بۆ 500 هەزار تمەن بەرزبووەوە.

لە هەفتەی رابردوودا، کاغەزی تەحریری 60 لە 90 بە 7 ملیۆن و 400 هەزار تمەن و کاغەزی 70 لە 100 بە 8 ملیۆن و 400 هەزار تمەن مامەڵەیان پێوە دەکرا، هەروەها نرخی کاغەزی گلاسی و ئیندەربۆردیش لەو کاتەدا 460 هەزار تمەن بوو.

بازاڕی کاغەز کە لە هەفتەکانی پێشوودا دابەزینی تۆمارکردبوو، لە سەرەتای مانگی ئازەرەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بەهۆی هەڵکشانی بەهای دراوەوە، نرخەکان جارێکی دیکە روویان لە بەرزبوونەوە کردەوە.