ئومێد خۆشناو: سێشەممەی داهاتوو پشوو نییە
یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناوە، پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادەکاری تەواو لەلایەن سەرجەم تیمەکان کراوە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر رووداوێکی نەخوازرا و روودانی لافاو ببنەوە.
گوتیشی: ڕسێشەممەی داهاتوو پشوو نییە، چونکە بەگوێرەی پێشبینییەکان بارانە زۆرەکە دوای کاتی دەوام و دەمەو ئێوارە دەبارێت.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: زیانەکەی لافاوەکەی هەولێر بە بڕی 31 ملیار و 727 ملیۆن و 15 هەزار دینار خەمڵێنراوە
ئەمش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29.11.2026، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی و قەیرانەکان، هەروەها فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، و نوێنەرانی لایەنە خزمەتگوزاری و پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەرێوەبردنی قەیران و کارەسات بەسترا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی پێشبینییە کەشناسییە سەرەتاییەکانی لەبارەی بارانبارینی زۆر و مەوجەی بارانبارینی ئەم هەفتەیە خرایەڕوو و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەکاری و ڕێوشوێنەکانی پارێزگای هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەوجەی بارانبارینی زۆر تاوتوێ کران و میکانیزمی هەماهەنگی و کارکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو لە ناو شار و ناوچەکانی دیکە خرانە بەرباس.
هەروەها، جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ئامادەباشی تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی، دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی پێویست، و خێرا وەڵامدانەوە بە هەر دۆخێکی لەناکاو کرایەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر بارودۆخێکی نائاساییدا، بە شێوەیەکی خێرا و هاوئاهەنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە هەمان کاتدا، گرنگی بەردەوامبوونی پاککردنەوە و کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان، کەناڵەکان، مەنهۆڵ و سیستەمی ئاوەڕۆ، بە مەبەستی ئاسانکردنی ڕۆیشتنی ئاو و ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی لە شەقام و گەڕەکەکان، و کەمکردنەوەی زیانە ئەگەرییەکانی بارانبارین، خرایە ڕوو.
لە کۆتاییدا، جەخت لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پارێزگای هەولێر، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی و قەیرانەکان، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، تیمەکانی فریاکەوتن و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، بە ئامانجی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان، کەمکردنەوەی مەترسییەکان و دڵنیابوون لە ئامادەباشیی تەواو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی لەناکاو
نوێ دەکرێتەوە..