سروە رەسووڵ: ئەو شوێنانەی هەولێر کە ئەگەری لافاویان هەیە دەستنیشان کراون
"تەواوی دامەزراوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو لە ئامادەباشیدان"
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: هەم لە لایەن کەشناسیی هەرێم و هەم لە لایەن دەزگای کەشناسیی ئەوروپاوە ئاگادار کراونەتەوە شەپۆلە بارانبارینەکەی ئەم هەفتەیە ئەگەری لافاوی هەیە، بۆیە تەواوی دامەزراوەکان و خۆبەخشان خراونەتە ئامادەباشییەوە.
یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، تەواوی ئامادەکارییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی بارانبارین و مەترسییەکانی لافاو خستەڕوو.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆن، سروە رەسووڵ ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بەو بارودۆخەی بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەم هەفتەیەوە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و، هەم لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان و هەم لە رێگەی هاوبەشەکانمان لە ئەوروپا و دەزگای کەشناسیی ئەوروپاوە ئاگادار کراوینەتەوە کە ئەم شەپۆلە ئەگەری روودانی لافاوی هەیە و پێشبینیی مەترسی دەکرێت؛ بۆیە ئامادەکاریی تەواوی دەوێت.
سروە رەسووڵ باسی لەوە کرد، لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی داتا و شیکردنەوەی مەترسییەکاندا، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگیان لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا جێبەجێ کردووە و کۆمەڵێک توانای ناوخۆییمان لە بەکارهێنانی سیستەمی (GIS Pro)ـدا پێگەیاندووە بۆ دیاریکردنی ئەو شوێنانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە لایەن تیمەکانی ئەوانەوە تەواوی ئەو ناوچانە دەستنیشان کراون کە ئەگەری روودانی لافاو و کۆبوونەوەی ئاویان لێ دەکرێت لەو رێژە بارانەی بە چڕی و لە ماوەیەکی کەمدا دەبارێت و، سەرجەم زانیارییەکان خراونەتە بەردەست لایەنە پەیوەندارەکان بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست.
هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەکان
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان روونی کردەوە، تەواوی لایەنە بەشداربووەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن ئەرکەکانیان لەنێوان خۆیان بەپێی جۆری بەرپرسیارێتی دابەشکردووە و لەئامادەباشیدان
سروە رەسووڵ جەختی کردەوە، لە کاتی روودانی مەترسیدا دامەزراوەکانی حکوومەت بە تەنیا ناتوانن وەڵامی ئەو جۆرە کارەساتانە بدەنەوە، بۆیە هەماهەنگی لە نێوان تەواوی لایەنەکاندا دەکەن بۆ بەدیهێنانی چەمکی 'گشتگیریی حکوومەت' وە هەروەها چەمکی گشتگیری کۆمەلگە، تا هەموو لایەنەکان بۆ یەک ئامانج کار بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەماهەنگییە لەسەر ئاستی هەرێم لە لایەن ناوەندی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆوە بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ، و لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش بە سەرپەرشتیی پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان لەرێگەی بەرێوەبەرایەتیەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەلامدانەوەی قەیرانەکان ئەنجام دەدرێت؛ هاوکات بڕیار لەسەر شێوازی دابەشکردنی تیمەکانیش دراوە تا لە ئەگەری هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا کاریگەریی کارەساتەکان کەمتر بکرێنەوە، ئەگەر نەشکرێت رێگرییان لێ بکرێت.
شیکاریی رووداوەکانی پێشوو، پۆند و بەنداوەکان و دۆخی کەمپەکان
سروە رەسووڵ ئاماژەی بەوە دا، ژووری ئۆپەراسیۆن بەدواداچوون و شیکردنەوە بۆ ئەزموونەکان و لافاوەکانی پێشوو و هۆکارەکانیان دەکات; ئاشکراشی کرد، ئەمڕۆ بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، لێکۆڵینەوەیان لە بارودۆخی پۆند و بەنداوەکان کردووە، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی مەترسی لەسەر ناوچەکانی دەوروبەر لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاودا؛ گوتیشی: "بە خۆشحاڵییەوە ئاگادار کراینەوە کە ئامادەکاری کراوە و ئەگەر رێژەیەکی زۆری بارانیش ببارێت، ناگاتە ئەو بارودۆخەی مەترسی بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەر دروست بکات"، هاوکات میکانیزمەکان بۆ هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا کارا کراون.
سەبارەت بە دۆخی کەمپەکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی (JCC) دووپاتی کردەوە، هاوشێوەی هەموو ناوچەکانی دیکە بەبێ جیاوازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و تەواوی رێکارە پێویستەکان لە لایەن پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانەوە بۆ پاراستنیان گیراونەتە بەر.
شەش کۆگای فریاگوزاری بە ئەزموونی ئەڵمانیا و هێڵە گەرمەکان
لەبارەی ئامادەکارییە لۆجستییەکان بۆ ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، سروە رەسووڵ رایگەیاند: شەش کۆگایان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا هەن کە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی ئەڵمانیا دروست کراون و کەلوپەلی پێویستیان تێدا هەڵگیراوە، هەروەها کۆمەڵێک لایەنی کەرتی تایبەت و رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە بەردەوامی وەک کۆمیتەیەک لەگەڵ ناوەندەکەدا کار دەکەن تا لە کاتی پێویستدا توانای ئەو کۆگا و هاوبەشانە بۆ وەڵامدانەوە بەکار بهێنرێت.
لەبارەی هێڵە گەرمەکانەوە ئاماژەی بەوە دا، هێڵە گەرمەکانی بەرگریی شارستانی و تەندروستی لە بەردەستی هاووڵاتییاندان و زۆرجاریش لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چەند هێڵێکی دیکە دادەنرێن بۆ ئەوەی لە کاتی فشار و قەرەباڵغیدا بەکار بهێنرێن.
سروە رەسووڵ، داوای لە هاووڵاتییان، شۆفێران و خاوەن دوکان و کۆگاکان کرد رەچاوی سەلامەتیی خۆیان بکەن و هاوکاری تیمەکانی حکوومەت بن؛ هەروەها هۆشداریی دا کە لەو کاتژمێرانەی شەپۆلەکان چڕ دەبنەوە، بەردەوام کاتەکانیان رادەگەیەنن، تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە و هاتوچۆی نێوان شارەکانیش لەو ماوەیەدا بۆ کاری زۆر گرنگ نەبێت ئەنجام نەدرێت.
داواشی لە هاووڵاتییان کرد بەردەوام چاودێریی پەیج و دەزگاکانی راگەیاندن بکەن بۆ وەرگرتنی دوایین زانیارییەکان کە بە پشتبەستن بە راپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بڵاویان دەکەنەوە، چونکە پێشبینییە کەشناسییەکان بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
هاوکات جەختی کردەوە، پێویستە هاووڵاتییان لەم چەند رۆژەدا نەک تەنیا لە شەپۆلی بارانبارین، بەڵکوو لە هەورەبروسکەش ئاگاداری سەلامەتیی خۆیان بن؛ گوتی: بە داخەوە دەبینین ساڵ بە ساڵ رێژەی مردن و برینداربوون و بەرکەوتن بە هەورەبروسکە زیاد دەکات؛ بۆیە بەردەوام رێنمایی تایبەت بە هەورەبروسکە و داتای بەرکەوتنەکان بڵاو دەکەینەوە.»
بەڕێوەبەری گشتیی (JCC) دڵنیاییشی دا کە لە ژووری ئۆپەراسیۆن و ژووری ئێشکگری بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و بە بەردەوامی زانیارییەکان نوێ و بڵاو دەکەنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەرێوەبردنی قەیران و کارەسات، هەماهەنگی و ئامادەکاری لە بەرامبەر ئەم شەپۆلەی بارانبارینی ئەم هەفتەیە، لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکاری و رێوشوێنەکانی پارێزگای هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلەی بارانبارینی زۆر تاوتوێ کران و میکانیزمی هەماهەنگی و کارکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو لە ناو شار و ناوچەکانی دیکە خرانە بەرباس.