ئاژانسی هەواڵەکانی عوممان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، هەیسەم بن تاريق، سوڵتانی عوممان لە کۆشکی "بەرەکە" پێشوازی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، "لە دیدارەکەدا راوێژ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان کرا. هەیسەم بن تاريق گوێی لە بۆچوونەکانی لایەنی ئێرانی گرت لەبارەی ئەو پێشهاتانە، هاوکات عەباس عێراقچی گوێبیسی تێڕوانینەکانی سوڵتان بوو بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری سیاسیی بەردەوام".
ئاژانسەکە هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی کۆبوونەوەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
سوڵتانی عوممان ئاماژەی بەوە دا، گرنگە زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسیەت لە چارەسەرکردنی پرسەکاندا زاڵ بێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی رایگەیاند، وڵاتەکەی پێزانینی هەیە بۆ هەڵوێستەکانی مەسقەت لە پاڵپشتیکردنی گفتوگۆ و هەوڵەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە سایەی ئاڵەنگارییە هەرێمییەکانی ئێستا.
لە کۆبوونەوەکەدا بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان و ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکە ئامادە بوون.