عەباس عێراقچی گەیشتە مەسقەت
وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای بەجێهێشتنی ئیسلامئاباد گەیشتە مەسقەت، کە بە گوتەی خۆی بڕیارە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دوو لایەنەکان تاوتوێ بکەن
شەممە 25ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی تێلێگرام بڵاو کردووەتەوە، کە گەیشتووەتە وڵاتی عومان و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجام بدات. لەم سەردانەدا، بیروڕا سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕ دەکات.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، عەباس عێراقچی ئەمڕۆ لە مەسقەتە و ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمیی ناوبراوە بۆ ناوچەی کەنداو لە دوای "هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە کاریگەرییان لەسەر تەواوی ناوچەکە دروست کردووە.
بەقایی جەختی لەوە کردەوە، کۆماری ئیسلامی گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات و گوتی: "ئێران پابەندە بە بەهێزکردنی متمانەی دوولایەنە و هاوکاریی بنیاتنەر، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە بکات و سەقامگیری بپارێزێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مەسقەت "نموونەیەکی زیندووە" بۆ شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ئێران کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ دراوسێ باشوورییەکانیدا داڕێژراوە.
عەباس عێراقچی بەر لەوە بگاتە مەسقەت، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا گەشتی ئیسلامئاباد کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، بەڵام بەر لە گەیشتنی شاندی واشنتن وەزیری دەرەوەی ئێران پاکستانی بەجێهێشت.
هەروەها دوای بەجێهێشتنی عێراقچی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا گەشتی شاندی وڵاتەکەی بۆ ئیسلامئاباد هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئێرانییەکان دەیانەوێت گفتوگۆ بکەین با پەیوەندی بکەن، گوتیشی: پێویست ناکات شاندەکەمان هەموو رێگایە ببڕن و کات بە شتی بێمانا بە فیڕۆ بدەن.
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مەسقەت لە کاتێکدایە، کە عومان هەمیشە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی و جێی متمانە لە نێوان تاران و واشنتندا بینراوە. چاودێران پێیان وایە گەشتەکەی عێراقچی لەم کاتەدا، پەیوەندیی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و گەیاندنی پەیامەکانی تاران لە رێگەی هاوپەیمانە ناوچەییەکانییەوە.