یەکێتیی ئەوروپا خۆی بۆ پاشەکشەی ئەمریکا لە ناتۆ ئامادە دەکات

سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە روونی و بڕیاردەریی بەندی "هاوکاریی بەرگریی دوولایەنە" لە ناو یەکێتی ئەوروپادا کردەوە. ئەم لێدوانانەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی ئەوروپا خەریکی داڕشتنی پلانێکی سەربەخۆن بۆ بەرگری، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ توندبوونی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی ناتۆ و ساردووسڕیی واشنتن لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی.

شەممە 25ـی نیسانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە ماددەی (42)ـی پەیمانی یەکێتی ئەوروپا کرد و رایگەیاند: "بۆ ئێمە ئەم بەندە تەواو روونە و هیچ تەمومژ و لێکدانەوەیەکی جیاواز هەڵناگرێت، ئەوروپا پابەندە بە پاراستنی وڵاتانی ئەندام."

ئەم جووڵەیەی فەرەنسا و یۆنان دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی رەخنەی لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ گرت بەهۆی ئەوەی لە جەنگی ئێراندا پشتگیرییان نەکردووە. هەڕەشەکانی پێشووتری ترەمپ بۆ کشانەوە لە ناتۆ و کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند لە دانیمارک، وای کردووە وڵاتانی ئەوروپا بە پەلە کار لەسەر سەربەخۆیی ستراتیژیی خۆیان بکەن لە رووی سەربازییەوە.

بەندی هاوکاریی یەکێتی ئەوروپا، بە پێچەوانەی ماددەی پێنجەمی ناتۆ، خاوەن پێکهاتەیەکی سەربازیی و ئۆپراسیۆنیی جێگیر نییە و تا ئێستا تەنیا یەکجار لە لایەن فەرەنساوە لە ساڵی 2015دا چالاک کراوە. ماکرۆن و میتسۆتاکیس جەختیان کردەوە بەهێزکردنی سوپای ئەوروپا بە واتای جێگرەوەی ناتۆ نایەت، بەڵکوو تەواکەری هاوپەیمانێتییەکەیە.

لەم بارەیەوە، میتسۆتاکیس رایگەیاند: "پێویستە ناتۆ و ئەمریکا دڵنیا بن، چونکە ئەوروپا بە جددی وەبەرهێنان لە کەرتی بەرگریدا دەکات و دەمانەوێت کۆڵەکەی ئەوروپی لە ناو ناتۆدا بەهێزتر بکەین."

شارەزایان پێیان وایە ئەم لێدوانانە پەیامێکی ناڕاستەوخۆن بۆ ئیدارەی ترەمپ کە ئەوروپا چیتر ناتوانێت بە رەهایی پشت بە پاراستنی ئەمریکا ببەستێت و خەریکی ئامادەکردنی بەدیلێکی سەربازیی ناوخۆییە بۆ هەر بارودۆخێکی کتوپڕ.