ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکوومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات کردەوە.
وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە.