کوردستان24 ناوەڕۆکی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

ساتی گەیشتنی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا
ساتی گەیشتنی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە کۆببێتەوە. ئامانجی سەردانەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەتە لەسەر بنەمای دەستوور، هاوکات گفتوگۆکردن لەسەر پرسی تەواوکردنی کابینەی نوێی وڵاتەکە و دوایین پەرەسەندنەکان لەخۆ دەگرێت.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەیشتە بەغدا و بڕیارە چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ بکات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کۆببێتەوە. لەم دیدارەدا سەرۆکی حکوومەت، جەخت لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم دەکاتەوە، لەبەرئەوەی لایەنی کوردی هەموو ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ کردووە و دەبێت مافە دەستوورییەکانی خۆی وەربگرێت.

 هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەت دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە پرسی تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی تاوتوێ دەکرێت، لەبەرئەوەی هێشتا نۆ وەزیر ماون متمانە وەربگرن.

سەردانەکە دوو رۆژ دەخایەنێت. لە رۆژی یەکەمدا سەرۆکوەزیران لەگەڵ هەریەک لە هەیبەت حەلبووسی، فایەق زێدان، موسەننا سامەڕائی، محەممەد حەلبووسی، هادی عامری، حەیدەر عەبادی، فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی کۆدەبێتەوە.

لە رۆژی دووەمیشدا لەگەڵ خەمیس خەنجەر، قاسم ئەعرەجی، محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی، قەیس خەزعەلی، عادل عەبدولمەهدی، هومام حەموودی، ئەسعەد عیدانی و ئەیاد عەلاوی کۆدەبێتەوە. 

لەم کۆبوونەوانەدا باس لە دۆخی ناوچەکە، دوایین پەرەسەندنەکان و تەواوکاریی کابینەکە دەکرێت. سەردانەکە نیشاندانی نیازپاکییە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.