فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر بەخاک سپێردرا

بە ئامادەبوونی هەزاران هاووڵاتی و بەرپرس

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونی هەزاران هاووڵاتیی شاری هەولێر و بەرپرسانی حکومی و حیزبی، ئەمڕۆ تەرمی فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک سپێردرا.

تەرمی فرسەت سۆفی دوای ئەوەی لە مەراسیمێکی شایستەدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێکرا، تاجەگوڵینەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و سەرۆکی پەرلەمان و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری وڵاتانی لەسەر دانرا، دواتر بۆ ماڵئاوایی یەکجاری، تەرمەکەی رەوانەی ماڵەکەی خۆی کرا، لەوێوەش بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا.

هەزاران هاووڵاتی و بەرپرسی حیزبی و حکومی لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە (پێنجشەممە، 19-11-2020) لە گۆڕستان چاوەڕوانی گەیشتنی تەرمی فرسەت سۆفین، تەرمەکەش کاتژمێر 02:30ـی دوانیوەڕۆ گەیشت و نێژرا.

فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر بوو، بەهۆی خەمخۆریی بۆ خەڵک، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە چالاکییەکانی نەوەستا. بە گوتەی هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیشی، هەر ئەوە وایکرد نەک یەک جار، بەڵکو دووجار تووشی کۆرۆنا ببێت.

پارێزگارە گەنجەکەی هەولێر، تەمەنی تەنیا 42 ساڵ بوو، کاتێک بۆ جاری دووەم ڤایرۆسی کۆرۆنای تووش بوو و ئەمجارەیان خستی. فرسەت سۆفی لەسەر داخوازیی زۆری خێزانەکەی بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستیی، رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کرابوو، بەڵام دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە، لەوێ کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێنرایەوە هەولێر و لەسەر وەسیەتی خۆی هەر لە هەولێر نێژرا.

هـ.ر.