کچی حاکمی دوبەی لە "زیندانە" و داوای هاوکاری دەکات

ڤیدیۆییەکی نهێنی بڵاودەکاتەوە

کچی حاکمی دوبەی
کچی حاکمی دوبەی

K24- هەولێر:

لەتیفە محەمەد ئەلمەکتوم، کچی محەمەد راشد ئەلمەکتوم، سەرۆک وەزیرانی دوبەی، ڤیدیۆیەکی نهێنی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت لە شوێنێک زیندانیی کراوە.

لەتیفە لە ساڵی 2018 هەوڵی دا وڵاتەکەی جێبهێڵێت، بەڵام شکستی هێنا، ئێستا بە گووتەی خۆی، لە ناو ڤێلایەک زیندانیی کراوە و دەستی بەهیچ هاوکارییەک ناگات.

ئاداری ساڵی 2018، لەتیفە لە ناو یەختێک لە کەناراوەکانی هیند لە لایەن هێزی ئیماراتی و هیندستانی دەستگیر کرا و گەڕێندرایەوە بۆ دوبەی. لە ساڵی 2002، هەمان هەوڵی دابوو و ویستی بووی ئیمارات جێبهێڵێت، بەڵام لەو هەوڵەش شکستی هێنابوو.

لە دۆکۆمێنتەرییەکی کەناڵی بی بی سی، ڤیدیۆی نهێنی لەتیفە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەڵێت، من لەناو ئەم ڤێلایە زیندانیی کراوم. پەنجەرەکان داپۆشراون و داخراون، ناتوانم بیانکەمەوە.

دەشڵێت، ناتوانم هیچ هاوکارییەکی تەندروستی و یاساییم دەستکەوێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی بی بی سی، 20 پۆلیس پاسەوانی ئەو شوێنەن لەتیفەی تێدا زیندانیکراوە. یەکێک لە هاوڕێکانیشی ئاشکرایکردووە، لەتیفە جیا لە چوون بۆ مەتبەخ، ناتوانێت بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بچێت.

لە ساڵی 2000، شەمسە، یەکێک لە کچەکان حاکمی دوبەی بەڵام لە ژنێکی دیکە، وڵاتەکەی جێهێشت و چووە بەریتانیا، دواتر لە لایەن پیاوەکانی باوکی، رفێنرا و بە هێلیکۆپتەر بۆ فەرەنسا گواسترایەوە؛ لەوێش جارێکی دیکە بۆ دوبەی گەڕێندرایەوە.

هۆکاری ئەم ناکۆکییانە بۆ کێشەی خێزانیی دەگەڕێتەوە، بە تایبەت مەسەلەی ئازادی و هاوسەرگیریی و چۆنیەتی ژیانیان.