ئەمەریکا: ئارامگرتنمان لەگەڵ ئێران سنووری هەیە
واشنتن پەیامێک بۆ تاران دەنێرێت
K24- هەولێر:
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی رایگەیاند، ئارامگرتنمان لەگەڵ ئێران سنووری هەیە.
لەبارەی گەڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبوون بە رێککەوتنەکە، ئەمەریکا داوای لە ئێرانکردووە بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام تاران وەڵامێکی فەرمی نەبووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەوبارەوە رایگەیاند: "چالاکە ئەتۆمییەکانی ئێران وایکردووە ئەم پرسە ببێتە پرسێکی بەپەلە بۆ ئەمەریکا".
راشیگەیاند: "ئارامگرتنی ئێمە بێ سنوور نییە، پێمان وایە سەرۆک لەسەر ئەمە بە روونی قسەیکردووە. باشترین رێگا بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکرێت نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چارەسەرکردنی کێشەکەیە لە رێگای دیبلۆماسی".
لەگەڵ هاتنی جۆ بایدن بۆ کۆشکی سپی، جیهان چاوی لە سیاسەتێکی نوێی ئەمەریکایە بەرامبەر بە ئێران، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە واشنتن و تاران چۆن کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.
AFP