زنجیره وتار-2- پێگەی جوگرافیای ئەمەریکا و یادی راپەڕینی کوردستان
پێشەکی سەبارەت بە راپهڕین و جوگرافیا:
بەشی دووەمی زنجیرە وتاری (چۆن شارستانیەتی ئەمەریکا بناسین) تایبەتە بە جوگرافیای ئەمەریکا، بەڵام هاوکاتیشە لەگەڵ یادی راپهڕینی خەڵکی کوردستان، بۆیە بەخێرایی ئەم دوو بابەتە بەیەکەوە دەبەستینەوە، چونکە بەشێک لە هۆکارەکانی راپهڕینی هەردوو گەلی ئەمەریکا و کوردستان هاوبەش بوون، بۆ نمونە ئەو زوڵم و ستەمەی کە بەڕیتانیا لە خەڵکی ئەمەریکای دەکرد بە زیادکردنی باج لەسەر کۆمەڵێک کاڵای (وەک چــا) هەروەها بردنی سەروەت و سامانی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکی راپهڕین و شۆڕشی ئەمەریکا بوون دژی بەریتانیا، لە بەرامبەردا خەڵکی کوردستان دوای نزیکەی (215) ساڵ لە راپهڕینی خەڵکی ئەمەریکا، لەبەر هەمان هۆکاری زوڵم و ستەم کە ڕژێمی بەعس لە خەڵکی کوردستانی دەکرد هەروەها سەرخان و ژێرخانی کوردستانی ئەنفال دەکرد، هاوشێوەی ئەمەریکا خەڵکی کوردستانیش راپهڕینی ئەنجامدا، بەڵام جیاوازیەکی ڕیشەیی نێوان ئەم دوو راپهڕینە بریتیە لە پێگەی جوگرافی ئەمەریکا و کوردستان، بەداخەوە پێگەی جوگرافیای کوردستان دەورە دراوە بە کۆمەڵێک ووڵاتی دووژن و داگیرکەری وەک (ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق) کە چاویان بە راپهڕینی خەڵکی کوردستان هەڵنەدەهات و کۆک بوون بۆ شکست پێهێنانی راپهڕین، بەڵام لەبەر ئەوەی ستەمی بەعس گەیشتبووە لوتکە و بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش لەبار بوون، خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی (1991/3/5) لە شاری ڕانیەوە بەسەرکەوتوویی راپهڕینی ئەنجامدا.
خاڵێک کە جێگای سەرنجە، لەو کاتەی کە خەڵکی ئەمریکا راپهڕینیان دەست پێکرد، خەڵکێکی زۆر لەو کاتەدا بەلایانەوە ئەستەم بوو کەوا راپهڕین و شۆڕشی سەربەخۆخوازانی ئەمریکا سەربکەوێت بەسەر بەڕیتانیای مەزن (چونکە ئەوکاتە بەڕیتانیا بەو ئیمپڕاتۆڕیەتە ناسراوبوو کە خۆری لێ ئاوا نەدەبوو) بەڵام بە هێزی ئیڕادە و هیممەتی سەربەخۆخوازان و شۆڕگیڕان و باوکانی دامەزرێنەی ئەمەریکا توانیان خەونی سەربەخۆیی ئەمریکا بەدەست بهێنن، لێرەدا گرنگە ئاماژە بە خاڵێکی هاوبەشی جوگرافی بکەین لە نێوان ئەمەریکا و کوردستان، ئەویش بریتیە لەوەی کەوا تەنها چیاکان لە کوردستان هاوڕێی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازان نەبوون، بەڵکو لە ئەمریکاش چیاکانی ئەوێ هاوڕێی سەربەخۆخوازان و باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا بوون، چونکە شۆڕشگێڕانی ئەمریکا زۆر جار هانایان بۆ چیاکانی ئەمەریکا دەبرد وەک پەناگە و لەوێوە پشویان دەدا و خۆیان ڕێک دەخستەوە، بەڵام لێرەدا گرنگە هەڵوەستەیەک بکەین و سود لە ئەزموونی ئەمەریکا وەربگرین، چونکە خەڵکی ئەمەریکا دوای شۆڕش و راپهڕین، توانیان ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن و شارستانیەتێکی نوێ بونیات بنێن، بەڵام ئایا ئێمە لە کوردستان تا چەند توانیومانە ئامانجەکانی راپهڕین بەدەست بهێنین و خەونەکانمان بەدی بهێنین؟
2- جوگرافیای ئەمەریکا:
هەڵکەوتەی جوگرافی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە، یەکەمجار کە ئەمەریکام بینی پێش هەموو شتێک سروشت و ژینگە پاکەکەی سەرنجی ڕاکێشام، ئەویش چونکە مرۆڤ درەنگ دەستی بە ئەمەریکا گەیشتووە، لەبەر ئەوە هەست دەکرێت کە زۆربەی سروشتەکەی وەک خۆیەتی و بەدەستی مرۆڤ پیس نەبووە.
گەورەترین دارستان لە ئەمەریکا دەکەوێتە ولایەتی پێنسلڤانیا، بەهۆی گەورەیی دارستانەکە تاکو ئێستا هیچ مرۆڤێک نەیتوانیوە بە پیادە ئەم سەر و ئەو سەری دارستانەکە بکات، ئەمەریکا هەر چوار وەرزی ساڵی هەیە بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە بریتیە لە هەبوونی هەر چوار وەرزەکە لە یەک کاتدا، بۆ نمونە لە زستاندا کەشی نیورک (کە دەکەوێتە سەر ئۆقیانۆسی ئەتڵەسی لە ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا) زۆر سارد و بەفراویە، بەڵام ئەگەر هەر لەوکاتەدا و لە زستاندا بچیتە ولایەتی کالیفۆڕنیا (کە دەکەوێتە سەر ئۆقیانۆسی پاسیفیک لە ڕۆژئاوای ئەمەریکا) ئەوا کەشێکی گەرم و فێنک و مامناوەندی هەیە.
پێگەی جوگرافی و خاکی ئەمەریکا گونجاو و دەوڵەمەندە بۆ هەموو جۆرە بەرووبوومێک، بە جۆرێک ئەگەر ئەمەریکا هەموو پەیوەندیە سیاسی و ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بپچڕێنێت، ئەوا بەرووبوم و بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بەزیادەوە بەشی خەڵکەکەی دەکەن، چونکە زەویەکی پڕ بەپیت و بەرەکەتی هەیە و بۆ چاندنی هەموو جۆرە بەرهەمێک گونجاوە، بە جۆرێک (بەگوێرەی دواین داتا) لە ئێستادا ئەمەریکا زۆربەی کاڵا و بەرهەمە ناوخۆییەکانی هاوردەی دەرەوە دەکات.
ئەمەریکا بەشێوەیەک هەڵکەوتووە کە هەندێ جار ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی گەورە دەبێتەوە، وەک زریان و لافاو و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و.....هتد، بەڵام ئەوەی ئەمەریکا جیا دەکاتەوە لە وڵاتانی تر، ئامادەباشی و بە ئاگایی دەسەڵات و خەڵکی ئەمەریکایە بۆ هەر ڕووداوێکی سروشتی وەک زریانی تۆڕنادۆ و ساندرا و....هتد.
رووبەری ئەمەریکا (9,826,900) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لە دوای ڕووسیا و کەنەدا سێھەمین وڵاتی گەورەی جیھانە، ئەمەریکا پێکھاتووە لە (50) ولایەت کە (48)یان پێکەوە لکاون وئالاسکا و ھاوایی لەوانی دیکە دابڕاون.
بەشێک لە زنجیرەی شاخەکانی راکی لە لای رۆژئاواوە دێتە نێو ئەم وڵاتە، هەروەها روباری (میسیسیپی) درێژترین ڕووباری باکووری ئەمەریکایە.
ئەمەریکا لە باکوورەوە لکاوە بە کەنەداوەو لە سەر سنووری باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و کەنەدا تاڤگەی (نییاگارا) ھەڵکەوتووە کە ناودارترین تاڤگەی جیھانە، هەروەها ئەمەریکا لە ڕۆژھەڵاتەوە دەکەوێتە سەر ئۆقیانۆسی ئەتڵەسی و درێژ دەبێتەوە بەرەو ڕۆژئاوا تاکو دەگاتە سەر ئۆقیانۆسی پاسیفیک، لە باشوریشەوە دەگاتە سەر کەنداوی مەکسیک.
بۆ خوێندنهوهی زیره وتارهكانی پێشوو كرته لهسهر ژمارهكان بكه: زنجیرهی یهكهم - زنجیرهی سێیهم - زنجیرهی چوارهم
٭ کــارۆخ خـــۆشناو
(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمهریکی-کوردی)